کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ترسی کۆرۆنا ئامادە نییە بگەڕێتەوە ئیتاڵیا
جارێکی دیکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداریی راهێنانەکانی یۆڤێنتۆسی نەکرد
یۆڤێنتۆس بەفەرمی تووشبوونی دانیێل رۆگانی بەرگریکاری یانەکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و بڕیاری دا یاریزانەکانی کەرەنتینە بکات، کریستیانۆ رۆناڵدۆش ئامادە نییە لە پۆرتوگاڵ بگەڕێتەوە ئیتاڵیا و بەشداریی راهێنانەکانی یانەکەی بکات کە گومان دەکرێت ئەویش تووشی ڤایرۆسەکە بووبێت و پێویستە کەرەنتینە بکرێت، یانەی ئینتەر میلانیش بڕیاریدا سەرجەم یاریزانەکانی کەرەنتینە بکات.
ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرۆکی یانەی یۆڤێنتۆسی گرتووە، خەریکە ئەم یانە ئیتاڵییە لە سێریا ئەی و چامپیۆنزلیگ دەکات و چەندان یاریزانیشی دادەبڕێنێت و کریستیانۆ رۆناڵدۆش کەرەنتینە دەکرێت.
یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی درەنگانی شەوی چوارشەممە بەفەرمی تووشبوونی دانیێلی رۆگانی بەرگریکاری ئیتاڵی یانەکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، ئەم هەواڵە بۆ تۆپی پێی ئیتاڵیا شۆکێکی دیکە بوو، ئەوەندەی دیکە بەڕێوەچوونی یارییەکانی تۆپی پێی لە ئیتاڵیا سەختتر کرد.
یانەی یۆڤێنتۆس ئیتاڵی لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، دانیێلی رۆگانی بەرگریکاری 25 ساڵانی یانەکەیان ئەنجامی پشکنینەکەی پۆزەتیڤ بووە و دەرکەوتووە تووشی ڤایرۆسی کۆڤید 19 بووە، یانەکە دووپاتیشیکردووەتەوە سەرجەم یاریزانانی یانەکەی کەرەنتینە دەکات و چالاکییەکانی خۆی بۆ ماوەیەک دەوەستێنێت.
بەهۆی ئەوەی کریستیان رۆگانی لە چەند رۆژی رابردوو لە ژووری جلگۆڕین لەگەڵ یاریزانەکانی یۆڤێنتۆس بووە، گومان دەکرێت چەند یاریزانێکی دیکەی یۆڤی تووشی ئەم ڤایرۆسە بووبن.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە شەوی یەکشەممە لەگەڵ رۆگانی بەیەکەوە ئاهەنگی سەرکەوتنیان لە دژی ئینتەر میلان گێڕا، رۆژی چوارشەممە بەشداریی راهێنانەکانی یۆڤێنتۆسی نەکرد، بەڵکو تاکو ئێستا لە مادێرا ماوەتەوە و ئامادە نییە بگەڕێتەوە ئیتاڵیا، لەکاتێکدا رۆژی سێشەممەش بەهەمان شێوە دۆن لە راهێنانەکانی یۆڤی نەبینرا، کە زیاتر لە 12 هەزار کەس لە ئیتاڵیا تووشی ڤایرۆسەکە بوون و رۆژ بە رۆژ رێژەی قوربانیان ئەم ڤایرۆسە لەزیادبوون دایە.
میدیاکانی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆش کەرەنتینە دەکرێت، چونکە ئەویش بەریەککەوتنی لەگەڵ رۆگانی هەبووە، یانەی ئینتەر میلانیش دوای بڵاوبوونەوەی هەوالەکەی رۆگانی یەکسەر سەرجەم چالاکییەکانی خۆی وەستاند و بڕیاریدا یاریزانەکان و ستافەکەی کەرەنتینە بکات، چونکە رۆژی یەکشەممە بەرامبەر یۆڤی و رۆگانی یارییان کرد.
دوای ئەوەی یاریی سێڤییا و رۆما و یاریی ئینتەر میلان و خیتافی لە یۆرۆپالیگ دواخرا، پێشبینی دەکرێت یاریی یۆڤێنتۆس و لیۆنیش لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ دوابخرێت کە وابڕیارە هەفتەی داهاتوو بکرێت، چونکە پیشتر سەرۆکی یانەی لیۆن رایگەیاندبوو ئامادە نین بۆ یارییەکە بچنە ئیتاڵیا، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی توشبوونی رۆگانیش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەستەمە یاریزانانی لیۆن رازی بن بەرامبەر یاریزانانی یۆڤی یاریی بکەن.