خولی باسکەی ئەمریکا لە ترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بۆ کاتێکی نادیار دواخرا
یاریزانێکی یۆتاجاز تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە
بەهۆی تووشبوونی یاریزانێکی یانەی یۆتا جاز بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاردرا یارییەکانی خولی باسکەی ئەمریکا بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت.
دوای ئەوەی یاریی ئۆکلاهۆما سیتی سەندەر و یۆتا جاز دواخرا، بڕیاردرا سەرجەم یارییەکانی خولی باسکەی ئەمریکا لە ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت.
پێش ئەوەی یاریی ئۆکلاهۆما سیتی و یۆتا جاز دەستپێبکات، سەرپەرشتیارانی یارییەکە کۆبوونەوە و دوای دواکەوتنی یارییەکە بۆ ماوەی 35 خولەک بڕیاریان دا یارییەکە دوابخرێت، چونکە دەرکەوتبوو یاریزانێکی یۆتا جاز تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.
ئەنجوومەنی خولی باسکەی ئەمریکا کاتژمێرێک دوای دواخرانی یارییەکە بڕیاریان دا سەرجەم یارییەکانی ئێن بی ئەی بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت، لەکاتێکدا وابڕیاربوو خاوەنی یانەکان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن یارییەکانی خولەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بکرێن.