پزیشکێکی ناوداری ئیتاڵیا بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

ئیتاڵییەکانی خەمبار کردووە

K24- هەولێر:

ئیتاڵییەکان خەمبارن بە مردنی رۆبێرتۆ ستێلا، پزیشکی ناوداری ئیتاڵیا و سەرۆکی دەستەی پزیشکانی شاری ڤارێسی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.

ئەو پزیشکە خزمەتی زۆری بە ئیتاڵییەکان کردووە و لە راگەیەندراوێکدا فیدراسیۆنی پزیشکانی ئیتاڵیا هاوخەمی خۆیان دەربڕیووە و مردنەکەی لە پێناو نیشتمان بەرز دەنرخێنن.

ئەو پزیشکە تەمەنی 67 ساڵ بووە و بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سیستمی هەناسەدانی پەکی کەوت و گیانی لەدەستدا.

پزیشک و پەرستارەکانی ئیتاڵیا مەترسی زۆریان لەسەرە و دەڵێن، زۆری تووشبوان رووبەڕووی مەترسی و ئەرکێکی سەختی کردوون.

لە ئیتاڵیا 12 هەزار و 462 کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و 827 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بۆ خۆنەپارێزیی هاووڵاتیان و نەگرتنە بەری رێکارەکان دەگەڕێتەوە.

رۆبێرتۆ ستێلا
رۆبێرتۆ ستێلا