پزیشکێکی نەخۆشی کۆرۆنا مەترسییە گەورەکەی ڤایرۆسەکە ئاشکرا دەکات
سی ساڵە کار دەکەم شتی وام نەبینووە
K24- هەولێر:
د. سام فینک، پزیشک لە ویلایەتی لۆس ئانجلسی ئەمەریکا و چاودێریی نەخۆشەكانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، باس لە مەترسییەکی ئەو ڤایرۆسە دەکات.
لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، سام فینک باسی چیرۆکی 13 نەخۆش دەکات، کە پێکەوە چوون بۆ خلیسکاندنی سەر بەفر.
ئەو پزیشکە دەڵێت، ماوەی 30 ساڵە کاری پزیشکی دەکەم، هیچ ڤایرۆسێکی هاوشێوەم نەبینیووە.
دەشڵێت، ئەوەی جێگای مەترسییە، ئەم چیرۆکەیە کە بۆتان باس دەکەم:
ئەم 13 نەخۆشەی من، چووبوون بۆ گەشت، یەکێکیان تووشبووە، لە ماوەی دوو رۆژ، هەر 13 کەسەکەیان تووشبوون. لەم 13 کەسەش تەنها یەکێکیان نیشانەی پێش وەختەی هەبوو و دەکرا بزانیت کە نەخۆشە، ئەوانی دیکە تا تەشەنەنەکردنی ڤایرۆسەکە لە لەشیاندا، نەدەزانرا کە نەخۆشن.
دەشڵێت، دوان لەو 13 کەسە چاکبوونەتەوە، سێ كەسی تریش لەژێر چاودێری ورد دان و ئەوانی دیکەش تەندروستیان جێگیرە.
هۆشدارییش دەدات، تاکە چارەسەر بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، نەهاتنە دەرەوە و خۆپاراستنە.
لە باسکردنی نیشانەکانیش دەڵێت، نەخۆشەکان کۆکەی وشک و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیان هەبووە.
ئاماژە بەوەش دەکات، ڤایرۆسەکە زۆر کار لە منداڵان ناکات، بەڵام کاتێک منداڵەکە دەچێتەوە و باوەش بە دایک و باوکی دا دەکات، لەوەیان کارەساتەکە دروست دەبێت.