یوێفا بڕیار لە چارەنووسی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ دەدات
یوێفا بەنیازە یۆرۆی 2020 دوابخات
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بیر لە چۆنییەتی خۆگونجاندن دەکاتەوە لەگەڵ ئەم دۆخەی بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستبووە، دوای ئەوەی یوێفا بڕیاریدا یارییەکانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ دوابخات، ئێستا نۆرەی ئەوەیە چارەسەر بۆ یارییەکانی ئەم وەرزە بدۆزێتەوە.
رۆژی سێشەممە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بە بەشداریی نوێنەری هەر 55 ئەندامەکەی کۆدەبێتەوە، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیەش هاوشێوەی کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە کە بڕیاری دواخرانی یارییەکانی ئەم هەفتەیەی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگی لێدرا، لە رێگای ڤیدیۆوە دەکرێت و ئەندامانی یوێفا لە هیچ شوێنێکی دیاریکراو کۆنابنەوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشکرایکردووە، یوێفا رۆژی سێشەممە بڕیار لەسەر چارەنووسی یارییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ و یۆرۆی 2020 دەدات، رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، یوێفا بەنیازە وادەیەک بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییانە دیاریی بکات کە لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ ماون، ئینجا دواتر بڕیار بدات سەرجەم یارییەکانی دیکەی قۆناخەکانی دیکە تەنیا بە یەک یاریی بکرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەوروپا لەزیادبووندایە، هێشتا مسۆگەر نییە یوێفا بتوانێت مانگی داهاتووش دەست بە یارییەکانی بکاتەوە.
یوێفا دەیەوێت لە ئێستاوە بەرچاوروونی لەبارەی چارەنووسی یۆرۆی 2020 بە ئەندامەکانی بدات، بەڵام ئەگەر خولەکانی ئەوروپا زیاتر دوابخرێن، بە رێژەیەکی زۆر یوێفا ناچار دەکرێت یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا کە وابڕیارە رۆژی 12ی ئەم مانگە بکرێن، بۆ ساڵی داهاتوو دوابخات.
گەرچی یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم یوێفا ئەوەیە لەجیاتی 12 وڵات یارییەکانی یۆرۆی 2020 لە یەک وڵات بەڕێوە بچن، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژ بە رۆژ ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاو دەبێتەوە و هیچ وڵاتێکی ئەوروپی نییە ئەم ڤایرۆسەی تیادا بڵاو نەبوو بێتەوە، بەرێژەیەکی زۆریش ئەو پاڵەوانێتییە دوا دەخات.