کۆرۆنا دەبێتە هۆی پاراستنی ژیانی سەدان هەزار کەس
بۆچی ڤایرۆسی کۆرۆنا سوودی بۆ هەندێک کەس هەیە؟
K24- هەولێر:
بەشێوەیەکی گشتی، بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان کەمیکردووە، هەندێک لە کارگەکان داخراون و پیسبوونی ژینگە بۆ ئاستێکی کەموێنە لە هەندێک ناوچە دابەزیوە.
فرانکۆس گێمێن، بەڕێوەبەری دامەزراوەی چاودێریی هۆگۆ دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بە پیسبوونی ژینگە دەمرن زۆر زیاترن لەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەمرن، تەنها لە فەرەنسا ساڵانە 48 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی ژینگە دەمرن، لە چینیش زیاد لە ملیۆنێک کەس بەهۆی پیسی ژینگە گیان لەدەست دەدەن.
بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی تەندروستی جیهان، ساڵانە حەوت ملیۆن کەس بەهۆی پیسبوونی ژینگە دەمرن.
فرانکۆس دەڵێت، قەدەغەی هاتووچۆ و داخستنی کارگەکان، خەڵک زیاتر دەپارێزێت لە دەست دووکەڵ و ژینگەی پیس، بەمەش بەهۆی کۆرۆنا، ژیانی زۆر زیاتری هاووڵاتیان دەپارێزرێت بە بەروارد بەو کەسانەی بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ، لە کۆرۆنا دەپارێزرێن ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت.
دەشڵێت، من تێناگەم پیسبوونی ژینگە خەڵک زۆر زیاتر دەکوژێت و ساڵ دوای ساڵ کاریگەرییەکانی زیاتر دەردەکەون، بەڵام خەڵک بچووکترین هەنگاو نانێت بۆ پاراستنی ژینگە، کەچی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک کە رێژەی کوشندەیی کەمترە لەو ژەهرەی دەیخەینە هەواوە، رێکاری تووند گیراوەتەوە بەر.
پیسبوونی ژینگە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە و چەندین نەخۆشی کوشندەیی دیکە، هەروەها بەهۆی پیسبوونی ژینگە پلەی گەرمی گۆی زەوی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و کارەساتی سرووشتی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.
Forbes