ئیسپانیا.. ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنا دەگاتە ئاستێكی مەترسیدار

ژمارەی تووشبووان لە 8 هەزار حاڵەت نزیك دەبێتەوە

K24- هەولێر:

دوا ئاماری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی ئیسپانیا ئاماژە بە ئاستێكی مەترسیدار دەكەن و تەنیا لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 2 هەزار حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون، بەمەش ژمارەی تووشبووان بەو پەتایە لە ئیسپانیا گەیشتە 7753 حاڵەت.

وەزارەتی تەندروسی ئیسپانیا لەمبارەیەوە رایگەیاند، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە وڵاتەكەیان، تا ئێستا 288 حاڵەتی مردن بەهۆی پەتاكە تۆماركراون، لەكاتێكدا زۆربەی حاڵەتەكان لە مەدریدی پایتەخت تۆماركراون، كە ژمارەیان 3544 حاڵەتە.

هەر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرانسەری ئەو وڵاتە راگەیەندراوە و تەنیا رێگە بە هاتنەدەرەوەی ئەو كەسانە دەدرێت، كە بۆ مەبەستی كڕینی پێداویستی رۆژانە دێنە دەرەوە، یانیش بۆ چارەسەری سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن یاخۆد ناچارن بچنە سەر كارەكانیان.

هەروەك هاتوچۆی ئۆتۆمبیل و ئامێرە تایبەتەكانیش لەو وڵاتە قەدەغە كراوە، تەنیا بۆ ئەو چالاكیانە نەبێت كە لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە.

وەك راشگەیەندراوە، كاتژمێر 8:00 سەرلەبەیانی سبەی دووشەممە چەندین رێكاری دیكەی خۆپارێزی لەو وڵاتە دەگیرێنەبەر.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

H.B