سوپای ئەمریکا کەشتییەکی بازرگانی لە کەنداوی عومان پەکخست

سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان تەقەیان لە کەشتییەکی بازرگانی کردووە، هەوڵیداوە ئەو گەمارۆ دەریاییە بشکێنێت، بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپێنراوە.

کاپتن تیم هۆکینز، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "رۆژی هەینی هێزەکانی ئەمریکا کەشتیی (MT Lavine)یان لە کەنداوی عومان پەکخستووە، دوای ئەوەی کەشتییەکە لانی کەم چوار جار هەوڵیدابوو گەمارۆکە ببڕێت و تێپەڕێت."

گوتەبێژەکەی سێنتکۆم جەختی کردەوە، پێشتر چەندین جار هۆشداری دراوە بە تیمی کەشتییەکە، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونیان بە فەرمانەکان، سوپای ئەمریکا ناچار بووە ژووری بزوێنەری کەشتییەکە بکاتە ئامانج و پەکیکی بخات.

ئەمە دووەم کەشتیی بازرگانییە، لەلایەن ئەمریکاوە پەکدەخرێت لەو کاتەوەی واشنتن گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە. هاوکات سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، توانیویانە ئاراستەی 12کەشتی دیکە بگۆڕن کە هەوڵی هاوشێوەیان دابوو بۆ شکاندنی گەمارۆکە.

ئەمریکا لە 14ـی تەممووزی ئەمساڵەوە گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی دەستپێکردەوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن تارانەوە.

تەنگەی هورمز کە ئێستا بووەتە چەقێکی سەرەکی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە 28ـی شوباتەوە و بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگەوە لەلایەن ئێرانەوە داخرابوو. ئێران سوورە لەسەر ئەوەی کۆنترۆڵی تەواوی هاتوچۆی دەریایی لەو ناوچەیەدا بکات، بەڵام ئەمریکا بە توندی ئەمە رەتدەکاتەوە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رێگرییان لە سێ کاتێژەری نەوت کردووە لە تەنگەی هورمز بپەڕنەوە، ئەمریکاش لە بەرامبەردا فشارە دەریاییەکانی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران چڕتر کردووەتەوە.