ترەمپ: لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆداین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن و تاران لە گفتوگۆدان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوانیان. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد،  ئێرانییەکان جددییەتێکی زیاتر لە دانوستانەکاندا نیشان دەدەن، بەڵام جەختیشی کردەوە، هێشتا کاتی رێککەوتنی کۆتایی نەهاتووە.

ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی وەشاندنی گورزی سەربازیی فراوان بۆ سەر ئێران نەداوە. ئەو گوتی: "ئێران لەبەردەم دوو بژاردەدایە: یان گەیشتن بە رێککەوتن، یان رووبەڕووبوونەوەی ئاستێکی زۆر توندتر لە هێرشەکان."

ترەمپ گوتیشی: "ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ جووڵە، بەڵام ئێستا دەمانەوێت ببینین گفتوگۆکان بە کوێ دەگەن."

سەبارەت بە هێڵە سوورەکانی واشنتن، ترەمپ دووپاتی کردەوە، رێگری لە ئێران بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی هێڵی سووری سەرەکییە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا خاڵی وەرچەرخان بۆ وەشاندنی گورزی یەکلاکەرەوە دیار نییە.

پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە، ترەمپ لەگەڵ راوێژکارەکانی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە، هەروەها پێگەی ئاکسیۆسیش ئاشکرای کرد، ترەمپ بیر لە جێبەجێکردنی هێرشێکی گەورە دەکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە رۆڵی مۆسکۆ و پەکین کرد و رایگەیاند، هەریەک لە ڤلادیمێر پووتین و شی جین پینگ بەڵێنیان پێداوە چەک بە ئێران نەفرۆشن. ترەمپ گوتی: "من متمانەم پێیانە و پێم وانییە بێئومێدم بکەن."

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی چین لە کۆبوونەوەی مانگی ئایاری رابردوو لە پەکین پێی راگەیاندووە، لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا چەک ناداتە ئێران. سەبارەت بە پووتینیش گوتی، سەرۆکی رووسیا تێدەگات کە ئەمریکا تەنیا چەک بە وڵاتانی ناتۆ دەفرۆشێت نەک ئۆکرانیا، و ئەویش بەڵێنێکی هاوشێوەی داوە.