عێراقچی و وەزیری دەرەوەی چین "پێشێلکارییەکانی ئەمریکا"ـیان تاوتوێ کرد
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتا چینییەکەی تاوتوێی پێشێلکردنی مەرجەکانی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگیان لەلایەن ئەمریکاوە کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، عەباس عێراقچی لەمیانی پەتوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا چینییەکەی دووپاتیکردەوە، ناسەقامگیریی گەرووی هورمز بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئەمریکاوە بووە، چونکە واشنتن کۆتایی بە مەرجەکانی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ هێنا.
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا لە هێرشەکانیدا ژێرخانی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، وەزارەتەکە روونیکردەوە، عێراقچی لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ هاوتا رووسیەکەیدا ئیرادەی ئێرانی بۆ رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە پشتڕاستکردەوە.
نزیکەی 15 رۆژە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستیپێکردووەتەوە و واشنتن چەندین پرد و ژێرخانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، هاوکات تارانیش هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کوەت و بەحرەین و ئوردن.