پاکستان هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە حووسییەکان دەکات
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، بە توندی ئیدانەی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کرد، کە حووسییەکان لە یەمەن دژی سعوودیە رایانگەیاندووە، ئەم هەنگاوەشی وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان وەسف کرد.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند: "ئەم جۆرە کارانە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەیی و لاوازکردنی ئازادی دەریاوانی، هەروەها پێشێلکارییەکی روونی سیستەمی دەریایی جیهانی و هەڕەشەیە بۆ سەر رەوتی بەردەوامی بازرگانی نێودەوڵەتی."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ هەڕەشەکانی حووسییەکان بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی کارێکی قبوڵنەکراوە و پێشێلکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییە. پاکستان نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو هەواڵانەی کە باس لە هەڕەشەکردن لەو کەشتیانە دەکەن بە شێوەیەکی یاسایی بازرگانی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیەدا دەکەن.
پاکستان پەیامێکی روونی ئاراستەی لایەنەکان کرد و رایگەیاند: "هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو کەشتیانەی ئاڵای پاکستان هەڵدەگرن، یان هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر بەرژەوەندییە دەریاییەکانی وڵاتەکەمان، وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەری پاکستان سەیر دەکرێت."
حکوومەتی پاکستان جەختی کردەوە، بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی تەواوی خۆیەتی هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرێتە بەر، لەوانەش بەکارهێنانی هێزی سەربازی و مافی بەرگری رەوا، بۆ پاراستنی داراییە دەریاییەکان و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی.
لە بەشێکی دیکە بەیاننامەکەدا، ئیسلام ئاباد پشتیوانی بێ مەرجی خۆی بۆ ئاسایش، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سعوودیە دووپات کردەوە و نیگەرانی خۆی نیشان دا لە هەوڵەکان بۆ راکێشانی ئەو وڵاتە بۆ ناو ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان داوای لە هەموو لایەنەکان کرد رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن و ئاسایشی گواستنەوەی دەریایی و ئاسمانی بپارێزن، جەختیشی کردەوە، پاکستان پابەند دەبێت بە دیالۆگ و دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.