دادگای پاراگوای لێ ناگه‌ڕێت رۆناڵدینهۆ له زیندان بێته‌ده‌ر
ئه‌ستێره‌یه‌ك له نێو زیندان سه‌ردانی رۆناڵدینهۆ ده‌كات
دادگای باڵای پاراگوای بۆ دووه‌مجار ڕه‌تی كرده‌وه رۆناڵدینهۆ له زیندان بێته‌ده‌ره‌وه و ئاماده نییه به كه‌فاله‌ت ئه‌و یاریزانه ئازاد بكرێت.
دوای ئه‌وه‌ی رۆناڵدینهۆ هاوشانی برایه‌كه‌ی به‌هۆی هه‌ڵگرتنی پاسپۆرتی ساخته له وڵاتی پاراگوای ده‌ستگیراكران و دواتریش خرانه زیندان.
رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا له چاپی ئه‌مڕۆیدا نووسیویه‌تی: گۆستاڤۆ ئامارێلای دادوه‌ری پاراگوای دوێنێ داواكاری پارێزه‌ره‌كه‌ی رۆناڵدینهۆی ڕه‌تكرده‌وه تا ئه‌و یاریزانه به كه‌فاله‌تی 1.6 ملیۆن یۆرۆ ئازاد بكرێت.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی نووسیوه: هه‌فته‌ی رابردوو پارێزه‌ره‌كه‌ی رۆناڵدینهۆ 800 هه‌زار یۆرۆی خستبووه‌به‌رده‌م دادگا بۆ ئه‌وه‌ی به كه‌فاڵه‌ت رۆناڵدینهۆ ئازاد بكرێت، به‌ڵام دادوه‌ر به‌نه‌خێر وه‌ڵامی پارێزه‌ره‌كه‌ی ئه‌و یاریزانه‌ی دابووه‌وه، به‌وپێیه‌ی ئه‌و یاریزانه له وڵاتی به‌رازیلیش له لایه‌ن دادگاوه داوا كراوه و پاسپۆرته‌كه‌شی ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، نیڵسۆن كۆیڤاسی هێرشبه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی پاراگوای شه‌وی رابردوو له زیندان سه‌ردانی رۆناڵدینهۆی كردووه،.
له‌مباره‌یه‌وه ئه‌م یاریزانه‌ی پێشووی پاراگوای ده‌ڵێت: رۆناڵدینهۆم به خه‌مناكی بینی، پێموایه ئه‌م كێشه‌یه پارێزه‌ره‌كه‌ی بۆی دروست كردووه و رۆناڵدینهۆ بۆته قوربانی، هیوادارم هه‌موومان بتوانین به‌یه‌كه‌وه ئه‌م یاریزانه ئازاد بكه‌ین.