ئەمڕۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی چارەنووساز لەبارەی خول و پاڵەوانێتییەکان دەکات

پێشبینی دەکرێت یوێفا بڕیاری دواخرانی یارییەکانی یۆرۆی 2020 بدات

ئەمڕۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام دەدات و بڕیار لەسەر ئەگەری دواخرانی خول و پاڵەوانێتییەکانی یانەکان و یۆری 2020 دەدات.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکانی ئەوروپا، یوێفا کەوتووەتە دۆخێک کەس بەخیلی پێ نابات، بۆیە بەگوێرەی سەرچاوەی زۆربەی میدیا و ئاژانسە ئەوروپییەکان پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یوێفا بەفەرمی بڕیاری دواخستنی یۆرۆی 2020 بدات، چونکە بە گوتەی بەرپرسانی تۆپی پێی ئەوروپا تەنیا ئەم بژاردەیان لەبەردەستە.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کە بە رێگای ڤیدیۆ دەکرێت، لە سێ بەش پێکدێت، سەرەتا یوێفا لەگەڵ سەرۆکی یانەکانی ئەوروپا کۆدەبێتەوە، ئینجا دواتر لەگەڵ هەر پەنجا و پێنج فیدراسیۆنی وڵاتەکانی ئەوروپا کۆدەبێتەوە و لە کۆتاییشدا ئەمڕۆ لێژنەی جێبەجێکردن لە یوێفا بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر چارەنووسی خول و پاڵەوانێتییەکان دەدات.
ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و رۆمانیا و ئینگڵاند پشتگیری دواخرانی یۆرۆی 2020 دەکەن، لەکاتێکدا رووسیا داوای کردووە پاڵەوانێتییەکە دوانخرێت، بەڵکو هاوینی داهاتوو مافی میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە بە رووسیا ببەخشن.
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یوێفا بڕیار بدات جامی نەتەوەکانی ئەوروپا کە وابڕیارە دوای سێ مانگی دیکە لە 12 وڵاتی جیاواز بکرێت، بۆ هاوینی ساڵی داهاتوو یانیش بۆ کۆتایی ئەمساڵ دوابخات، چونکە تاکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار و پێنج سەد کەس لە ئەوروپا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مردوون و ئەم پەتایە بووەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر کیشوەرەکە.
بە دواخرانی یۆرۆی 2020، خولەکانی دیکەی ئەوروپا دەتوانن دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە یارییەکانی ئەم وەرزەیان تەواو بکەن، کە بەهۆی نەبوونی هیچ یاسایەکی دیاریکراو فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتە بەهێزەکانی ئەوروپا لە حاڵەتی هەڵوەشاندنەوەی یارییەکانی ئەم وەرزە نازانن کامە یانە بکەنە پاڵەوان و کامە یانەش دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ نوێنەرایەتی خولەکانیان بکەن.
ئەگەر یوێفا بڕیار بدات جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بۆ هاوینی 2021 دوابخات، ئەوا هاوینی ساڵی داهاتوو قەرەباڵخ و جەنجاڵ دەبێت، چونکە وابڕیارە هاوینی 2021 یۆرۆی خانمان لە ئینگڵاند بکرێت و لە هەنگاریا سلۆڤینیا یۆرۆی تازەپێگەیشتووان بکرێت و مۆندیالی یانەکانیش بۆیەکەمجار بە شێوازێکی فراوانتر لە چین بکرێت، بۆیە لەوانەیە یوێفا بڕیار بدات یۆرۆی 2020 بۆ کۆتایی ئەمساڵ دوابخات، کە لەبەر ئەوەی مۆندیالی 2022 لە کۆتایی ساڵ دەکرێت لەوانەیە بتوانرێت دەستکاری خشتەی خول و پاڵەوانێتیی یانەکانیش بکرێت.