جۆن ئۆبی میکێل لە ترسی کۆرۆنا هەڵات

میکێل لە ترسی کۆرۆنا گرێبەستەکەی لەگەڵ ترابزۆن سپۆر هەڵوەشاندەوە

جۆن ئۆبی میکێل لە ترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا یانەی ترابزۆن سپۆری تورکی بەجێهێشت و گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە هەڵوەشاندەوە.

یانەی ترابزۆن سپۆری تورکی لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، جۆن ئۆبی میکێلی ناوەڕاستکاری نەیجیریی یانەکەیان کە ساڵی رابردوو پەیوەندی بە یانەکەیان کردبوو تاکو مایۆی 2021 گرێبەستی لەگەڵ یانە تورکییەکە هەبوو، بە رەزامەندیی هەردوولا گرێبەستەکەیان هەڵوەشاندەوە و میکێل ترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا یانەکەی بەجێهێشت.
سەرەتای ئەم هەفتەیە میکێل لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام رایگەیاندبوو، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رانەگیرانی یارییەکانی خولی تورکی، هەست بە ئاسوودەیی ناکات و داوایکردبوو یارییەکانی ئەم وەرزە هەڵبوەشێنرێنەوە، کە سەرەڕای ئەوەی سەرجەم خولە بەهێزەکانی ئەوروپا راگیراون، بەڵام تاکو ئێستا یارییەکانی خولی تورکی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەردەوامە.
جگە لە میکێل، رادمێل فالکاوی هێرشبەری گەلاتەسەرایش داوایکردبوو یارییەکانی خولی تورکیا رابگیرێن، پێیوایە تەندروستی خەڵک لە یاریی تۆپی پێ گرنگترە.