نرخی نەوت زیاتر دابەزی

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ 28 دۆلار دادەبەزێت

K24 - ھەولێر

بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەک نرخی نەوت لە دابەزینە و لە سەرەتای هەفتەوە بە رێژەی لە 17% نرخەکەی لەدەستداوە.

دابەزینی نرخی نەوت ھۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی بەرچاوی خواست، بە تایبەت دوای قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکان و کەمبوونەوەی خواست بۆ سووتەمەنی فڕۆکە و کەمبوونەوەی چالاکییە کۆمەڵاتیەتییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی خاوی برێنت 43 سەنت و بەرێژەی لە 1.5% بۆ 28.30 دۆلار دابەزی، بەوەش کەمترین ئاستی لە سەرەتاکانی ساڵی 2016ـەوە تۆمارکرد.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تێکساسیش 47 سەنت بە رێژەی لە 1.7% بۆ 26.48 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، کە ئەوەش کەمترین ئاستییەتی لە چوار ساڵی رابردوویدا.

گۆڵدمان ساکس، لە یاداشتنامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، خواست بۆ نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، و پێشبینی دەکەن نرخەکەی لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ بۆ 20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزێت، ئەو ئاستەش لە ساڵی 2002ـەوە بازاڕ بە خۆیەوە نەیبینیوە.