ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەوادا دەگوازرێتەوە؟
کۆمەڵێک پزیشک هۆشداریی دەدەن
K24- هەولێر:
ماڵپەری Wired ئاشکرایکردووە، هەندێک لە پزیشکان بڕوایان وایە، ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت لە رێگای هەواوە بگوازرێتەوە و رەتی دەکەنەوە ڤایرۆسەکە تەنها دوو مەتر دوای پژمین بڕوات و بکەوێتە سەر زەوی.
ماڵپەڕەکە لە زاری چەند پزیشکێک ئاشکرایکردووە، ڤایرۆسەکە لەوە بچووکترە نەتوانێت لە هەوادا بمێنێتەوە، دەکرێت کۆرۆنا هەشت مەتر بڕوات و بۆ ماوەیەکیش لە هەوادا بمێنێتەوە.
ئاماژە بەوە دەکەن، بۆ نموونە، ئەگەر لە ناو بەرزکەرەوە (مەسعەد)ێك کەسێک بپژمێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنای هەیە، دواتر ئەو کەسەی دێتە ناو بەرزکەرەوەکە، دەکرێت تەنها بە هەناسە دان، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێ.
دۆناڵد میلتۆن، توێژەر لە زانکۆی ماریلاند، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ڤایرۆس بە گشتی لە هەوادا دەمێنێتەوە؟ دەڵێت: پێموایە هەموو ڤایرۆسێک دەکرێت لە هەوادا بمێنێتەوە و بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە.
دەشڵێت، پێشتر ئەو هۆشدارییەمان لە بارەی ئیبۆلا و سارس و مێرسدا، بەڵام بڕوایان پێنەكردین، دواتر سەلمێندرا لە هەوای نەخۆشخانەکان، ئەو ڤایرۆسانە چالاک بوون.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی دژی ئەم بۆ چوونەیە و دەڵێت، کۆرۆنا لە هەوادا نامێنێتەوە، بەڵام کۆمەڵێک پزیشک دەڵێن، پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت لەسەر ئەو بابەتە.
ئەو پزیشکانە دەڵێن، ئەگەر پشکنین بۆ هەوای ژوورێک بکرێت، کە نەخۆشێکی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدایە، دەکرێت بزانی هەواکەی چەند تەندروستە.