ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ چەند ئەستێرەیەکی تۆپی پێ بووە خێروبەرەکەت
کۆرۆنا بۆ چەند ئەستێرەیەکی تۆپی پێ بووە خێروبەرەکەت
جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هاوینی 2021 دواخرا، ئەگەر دواخرانی پالەوانێتییەکە بۆ هاندەران و یاریزانانی هەڵبژاردەکانی ئەوروپا ناخۆش بێت، ئەوا بۆ هەندێک ئەستێرەی تۆپی پێی کیشوەرەکە خۆشە، چونکە خەریکبوو بەشداریکردنیان لەم پاڵەوانێتییەکە لەکیس بچێت.
هاری کەین یەکێکە لەو ئەستێرانەی بەهۆی پێکانەوە لە بەشداریکردن لە یارییەکانی یۆرۆی 2020 بێ هیوا ببوو، ئەم هێرشبەرەی ئینگڵاند سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ تۆتێنهام تووشی پێکانێکی سەخت بوو، بەمهۆیەوە ناچار بوو نەشتەرگەریی بۆ بکرێت و پزیشکەکان پێیان راگەیاند ناتوانێت بۆ مانگی یۆنیۆ چاکبێتەوە و بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2020 ئامادە نابێت کە پێشتر وابڕیاربوو رۆژی 12ی یۆنیۆ دەستپێبکات.
مارکۆس راشفۆردی هێرشبەری مانچێستەر یونایتد یاریزانێکی دیکەی ئینگلیزییە، بەهۆی پێکانەوە نەیدەتوانی بەشداریی یارییەکانی یۆرۆ بکات و نوێنەرایەتی سێ شێرەکان بکات، بەڵام بەهۆی دواخرانی پاڵەوانێتییەکە هیوای زیندوو بووەوە.
ئێدین هازارد بەهۆی ئەو پێکانەی لە مانگی فێبرایەر تووشی بوو، هیوایەکی کەمی هەبوو بتوانێت لە یۆرۆی 2020 درێسی هەڵبژاردەی بەلجیکا بپۆشێت، ئەو ئەستێرەیەی ریال مەدریدی ئیسپانی دابڕانی لە یانەکەی تاکو کۆتایی ئەم وەرزە یەکلا ببووەوە، بەڵام ئەم دۆخەی کۆرۆنا دروستیکردووە خزمەت بە هازارد دەکات و لەوانەیە بتوانێت بەشداریی چەند یارییەکی یانەکەشی بکات لەم وەرزە.
مارکۆ ئەسیسنسیۆ لە سەرەتای ئەم وەرزەوە بەهۆی پێکانەوە لە ژووری پزیشکانی ریال مەدریدە و تاکو ئێستا نەیتوانیوە لەم وەرزە پێ لە تۆپ بداتەوە، بۆیە ئەستەم بوو لەلایەن لویز ئێنریکی راهێنەری ئیسپانیاوە بانگهێشتی پاڵەوانێتییەکە بکرێت و هیوای بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکە سفر بوو.
عوسمان دێمبلی یەکێکی دیکە بوو لەو یاریزانانەی لە یۆرۆ بێ هیواببوو، پەتای پێکان لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکەی دادەبڕاند، بەڵام کۆرۆنا هیوای زیندوو کردووەتەوە.
مێمفێس دیپای، ئەستێرەی هەڵبژاردەی هۆڵەنداش سەرەڕای ئاستە بەرزەکەی ئەم وەرزەی لەگەڵ لیۆن بەهۆی پێکانەوە نەیدەتوانی یاریی بۆ ئاشەوانەکان بکات، ئەگەر یۆرۆ لە وادەی خۆی بەڕێوە بچووبا، بەڵقام بەهۆی بڕیارەکەی یوێفا لەوانەیە ساڵی داهاتوو بتوانێت بەشدار بێت.