بڕیار له‌سه‌ر پاڵه‌وانی 5 خوله به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌ورووپا ده‌درێت
سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ورووپا بۆچوونی خۆی ده‌ربڕی
به گوێره‌ی زۆربه‌ی پێشبینییه‌كانی واده‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوله به‌هێزه‌كانی ئه‌ورووپا به‌هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا جارێكی دیكه‌ش دواده‌خرێت، له ئێستاشدا مشت‌ومڕ له باره‌ی پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله به‌هێزه‌كانی ئه‌ورووپا ده‌كرێت.
ئالێكسانده‌ر چێفرین سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ورووپا ڕه‌تی ده‌كاته‌وه ئه‌و یانانه‌ی ئێستا له پێشه‌نگی 5 خوله به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌ورووپا دێن وه‌ك پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه ده‌ستنیشان بكرێن.
ئالێكسانده‌ر چێفرین له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی سه‌نی بریتانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه هه‌موو ئامانجێكی ئه‌وان ته‌واوكردنی خول و پاڵه‌وانێتییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌یه.
چێفرین گوتیشی: له میدیاكان پڕوپاگه‌نده‌ی زۆر ده‌كرێت، به‌ڵام زۆرینه‌ی هه‌واڵه‌كان هیچ بنه‌مایه‌كی راستی نییه، ئێمه وه‌ك فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ورووپا هه‌رگیز بیرمان له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه ئه‌و یانانه‌ی ئێستا پێشه‌نگی خوله‌كانیان گرتووه وه‌ك پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه بیانناسێنین، ئێمه جارێ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین و بزانین دۆخی ته‌ندروستی جیهان چی لێدێت.
ئه‌و یانانه‌ی پێشه‌نگی خوله پێنج خوله به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌ورووپای گرتووه.
1ـ لیڤه‌رپوول پێشه‌نگی خولی نایابی ئینگلیزی (پرێمه‌رلیگ).
2ـ بارسێلۆنا پێشه‌نگی خولی پله‌یه‌كی ئیسپانیا (لالیگا).
3ـ یوڤێنتۆس پێشه‌نگی خولی پله‌یه‌كی ئیتاڵیا (سێریا ئه‌ی).
4ـ بایرن میونشن پێشه‌نگی خولی پله‌یه‌كی ئه‌ڵمانیا (بۆندزلیگا).
5ـ پاریس سانجێرمان پێشه‌نگی خولی پله‌یه‌كی فره‌نسا (لیگ وه‌ن).