وەزیری تەندروستی هۆڵەندا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بوورایەوە

لە هۆش خۆی دەچێت و دەکەوێت

K24 – هه‌ولێر:

لە میانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی نێزەرلاندس (هۆڵەندا) لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە، برونۆ بروینس، لە هۆش خۆی دەچێت.

وەزیر سەرەڕای ئەوە چەند هەفتەیەکە بەهۆی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر ماندووە، لە پەرلەمانیش، پرسیاری زۆری ئاراستە کرا و تەواو شەکەت بوو.

ئەمەش وایکرد وەزیری تەندروستی لەهۆش خۆی بچێت، بەڵام ئێستا تەندروستی جێگیرە.

لە تویتێکدا وەزیری تەندروستی هۆڵەندا نووسیویەتی، لەهۆش خۆم چووم، چونکە زۆر شەکەت بووم.

لە نێزەرلاندس زیاد لە دوو هەزار حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونی هەیە و 77 کەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و تەنها دوو کەسیش چاکبوونەتەوە.