"واده‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی لالیگای ئیسپانیا ئاشكرا كرا"

یانه‌كان 48 كاتژمێر جارێك یارییه‌ك ده‌كه‌ن

رۆژنامه‌یه‌كی ئیسپانیا له‌ چاپی ئه‌مرۆ هه‌ینی دا واده‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی لالیگای ئیسپانیا ئاشكرا ده‌كات و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌  هه‌ر یانه‌یه‌ك 48 كاتژمێر جارێك یارییه‌ك ده‌كات.

رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ چین كۆنترۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا كراوه‌، له‌ ئیسپانیاش حكوومه‌ت پلانێكی باشی داناوه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسه‌كه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی نووسیوه‌ سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و سه‌رۆكی رابیته‌ی لالیگا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ لالیگا له‌ رۆژی 16ـی مانگی داهاتوو ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و له‌ كۆتایی مانگی شه‌ش (حوزه‌یران) كۆتایی دێت.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ هه‌ر یانه‌یه‌ك له‌ ماوه‌ی 10 رۆژ 4 یاری ده‌كات، واته‌ هه‌ر 48 كاتژمێرێك یارییه‌ك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

رۆژنامه‌ی مۆندۆ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ یارییه‌كانی چامپیۆنزلیگ وه‌كو جاران له‌ ناوه‌راستی هه‌فته‌ ده‌كرێن  له‌ رۆژانی 23 و 24ـی مانگی پێنجی ئه‌مساڵ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، هه‌ر یانه‌یه‌ك كه‌ له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌ورووپا و یۆرۆپالیگ یاری بكات، یارییه‌كانی 2 رۆژ جارێك ده‌كات.