بارسێلۆنا رەتیدەکاتەوە پشکنینی کۆرۆنا بۆ یاریزانەکانی بکرێت

هەشت یانەی ئیسپانی تاکو ئێستا رێگایان نەداوە پشکنین بۆ یاریزانەکانیان بکرێت

بارسێلۆنا و حەوت یانەی دیکەی ئیسپانی رەتی دەکەنەوە پشکنین بۆ یاریزانان و راهێنەران و کارمەندانی یانەکەیان بکەن، لەکاتێکدا بە بڕیاری ئەنجوومەنی لالیگا سەرجەم یانەکانی ئیسپانیا دەبێت پشکنینیان بۆ بکرێت و کەرەستە و پێداویستی پزیشکیشیان بۆ نێردراوە، کە تاکو ئێستا 32 حاڵەت لەسەر ئاستی یانەکانی ئیسپانیا تۆمارکراون.

رۆژانە پشکنین بۆ یاریزان و دەستەی راهێنەران و کارمەندانی یانەکانی لالیگا دەکرێت، بەڵام تاکو ئێستا هەشت یانە پشکنینیان بۆ یاریزانەکانیان نەکردووە.
تاکو ئێستا لە یانەکانی ئیسپانیا 32 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی لالیگا دەبێت سەرجەم یانەکان پشکنین بۆ یاریزانەکان و دەستەی راهێنەران و کارمەندانی یانەکەیان بکەن، تاکو ئێستا ڤالێنسیا هەشت تووشبوو و ئیسپانیۆل شەش تووشبوو و دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس 15 تووشبوویان تۆمارکردووە، ئێلچی تووشبووێک و لیگانێسیش تووشبوێکی تۆمارکردووە و تاکو ئێستاش راهێنەرێکی تۆپی پێ لە لالیگا بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەست داوەم بەڵام نتاکو ئێستا ریال مەدرید و بارسێلۆنا هیچ تووشبووێکی ڤایرۆسی کۆڤید 19یان تۆمار نەکردووە.
میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرایان کردووە، یانەکانی بارسێلۆنا، ریال بیتیس، سێلتاڤیگۆ، ئیبار، ئۆساسۆنا، ڤایادۆلید، مەلەگە و ریال زاراگۆزا تاکو ئێستا پشکنیان بۆ یاریزانەکانیان نەکردووە، لەکاتێکدا لەلایەن ئەنجوومەنی لالیگاوە پێداویستییەکانی ئەنجامدانی پشکنینەکانیان بۆ یانەکان ناردووە، بەڵام لە خولی پلە یەک و دووی ئیسپانیا هەشت یانە رەتیان کردەوە پشکنین بۆ یاریزانەکانیان بکەن و پێیانوایە خەڵکی دیکە پێویستیان بەم کەرەستانە هەیە بۆ ئەوەی پشکنیان بۆ بکرێت نەوەک یاریزانەکان و راهێنەر و کارمەندەکانی ئەوان.
تاکو ئێستا لە ئیسپانیا زیاتر لە بیست هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ بووە و زیاتر لە هەزار کەسیش بەمهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، بۆیە بەگوێرەی میدیاکانی ئیسپانیا ئەستەمە بتوانرێت تاکو کۆتایی مانگی ئەپرێل یارییەکانی لالیگا دەستپێبکەنەوە، کە سەرجەم یانەکان یاریزانەکانیان کەرەنتینە کردووە و راهێنانەکان و سەرجەم چالاکییەکانیان وەستاندووە.