ڤایرۆسی کۆرۆنا دژی مرۆڤ و هاوڕێی ژینگە

بۆ ژینگە ستایشی كۆرۆنا دەكرێت

K24- هۆڵەندا:

لەكاتێكدا ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە تارماییەكی گەورە و ترس و نیگەرانی لە نزیكەی سەرانسەری جیهان بڵاوكردووەتەوە و تا ئێستا بە دەیان هەزار كەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە و بە هەزارانیش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام زانایان لەو باوەڕەدان، كە نابێت لەو سوودانەش بێ ئاگا بین، كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بە ژینگەی جیهان گەیشتووە.

بۆ رێگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید ١٩)، زۆربەی وڵاتان قەدەغەی هاتووچۆیان راگەیاندووە یان بە واتایەکی دیكە داخراون و بڕیاڕ درا، هەر کەس لە ماڵەوە کار بکات و بمێننەوە، تەنها بۆ کاری پێویست نەبێت هاتووچۆی ئۆتۆمۆبێل و پیادە راگیرا، تەنها ناوەندە فریاگوزاری و بوارە پەیوەندیدارەکان بە ڤایرۆسی کرۆنا دەتوانن لەسەر شەقامەکان هاتووچۆبکەن.

هۆڵەندا کە هێشتا قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی رانەگەیاندووە و تەنها بڕیاری مانەوە و کارکردنی خەڵکی لە ماڵەوە داوە، بەپێی وتەی بەڕێوەبەری تامئۆیل رۆناڵد کەمپن، لە ٢١٣ وێستگەی بەنزین لە هۆڵەندا رێژەی فرۆشتنی بەنزین و بەرهەمەکانی سوتەمەنی ئۆتۆمۆبێل لە ٢٥% کەمی کردووە لە چاو رۆژانی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

بەگشتی لە هەموو ئەوروپا بەهۆی راگرتنی هاتوچۆی ئۆتۆمبیل و گەشتی فرۆکەوانییەوە، رێژەی پیس بوونی ژینگە لە ٨٠% کەمی کردووە.

زانایان رایدەگەیەنن، لەگەڵ مەترسی ڤایرۆسی کرۆنا لەسەر مرۆڤەکان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پشوویەکە بۆ پاکبوونەوەی ژینگەو وەك هاوڕێیەکی ژینگە چاوی لێدەکرێت، لە ژیانی ئاسایی و دوور لەو پەتایە نەدەکرا بۆ چەند کاتژمێرێك هاتوچۆی ئۆتۆمۆبێل رابگیرێت و ئەو سوودە بە ژینگە بگەیەندرێت و جێبەجێکردنی ئەستەم دەبوو.

H.B