بەفربارین لە باکووری کوردستان دەستی پێکرد
وەرزی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری کوردستان دەستی پێکرد و لووتکەی چیای سیپان لە بەدلیس سەرتاپای سپیپۆش بوو.
لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما، وەرزی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری کوردستان دەستی پێکردووە. لووتکەی چیای سیپان لە پارێزگای بەدلیس سەرتاپای سپیپۆش بوو.
چیای سیپان دەکەوێتە باکووری دەریاچەی وان لە باکووری کوردستان. بەرزییەکەی 4058 مەترە و بە سێیەم بەرزترین لووتکەی باکووری کوردستان دادەنرێت. دوای نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، یەکەم بەفری وەرزی ئەمساڵی بەخۆیەوە بینی.
بەفرەکە لووتکەی چیاکەی داپۆشیوە و دیمەنێکی زستانەی بە ناوچەکە بەخشیوە. شارەزایانی کەشوهەوا ئاماژەیان بەوە دا، لە رۆژانی داهاتوودا شەپۆلی سەرما زیاتر ناوچەکە دەگرێتەوە.
ئەم دیمەنە سپییەی لووتکەی چیاکە لە شارۆچکەی ئادیلجەواز و گوندەکانی دەوروبەری بە روونی دەبینرێت. ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، چیای سیپان وەک یەکێک لە بەرزترین لووتکەکان دەبێتە یەکەم وێستگەی بارینی بەفر لە ناوچەکەدا.
چیاکە بەهۆی بەرزی و هەڵکەوتەی شوێنەکەیەوە، ساڵانە سەرنجی شاخەوانان و گەشتیارانی سروشت بۆ لای خۆی رادەکێشێت. بەتایبەتی لەو کاتانەی بەفر لووتکەکەی دەپۆشێت و دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بە دەریاچەی وان دەبەخشێت.
هەروەها چیای سیپان پێگەیەکی تایبەتی لە نێو کولتوور و فۆلکلۆری کوردیدا هەیە. ناوی چیاکە لە چەندین داستان و گۆرانی فۆلکلۆریدا هاتووە، بەتایبەتی داستانی سیابەند و خەجێ. ئەمەش وای کردووە چیاکە تەنیا سیمبولێکی سروشتی نەبێت، بەڵکوو بەشێکی گرنگ بێت لە ناسنامەی ناوچەکە.