کۆمپانیایەکی فەرەنسیش دەستی به تاقیکردنەوەی دەرمانێکی نوێی کۆرۆنا کرد

پێشتریش ئەمەریکا و رووسیا دەستیان به تاقیکردنەوەی پێکوتەی کۆرۆنا کردبوو

K24- هەولێر

کۆمپانیای "سانۆفی" که پێشتر گوتبووی دەرمانی دژه کۆرۆنای بەرهەمهێناوه، ئێستا دەڵێت، دەست به قۆناغەکانی دیکەی تاقیکردنەوەی دەرمانەکه دەکات.

سانۆفی رایگەیاندووه، له چەند رۆژی داهاتوو تاقیکردنەوەکه دەستپێدەکات.

"ئۆلیڤیە بۆژیۆ" سەرۆکی کۆمپانیای سانۆفی رایگەیاند: "تاکو ئێستا ئەم دەرمانه نوێیەمان لەسەر 20 کەس تاقیکردووەتەوه و ئەنجامەکانی جێگەی دڵگەرمین، هەربۆیه بڕیارمان دا تاقیکردنەوەی بەرفراوانتر ئەنجامبدەین. چاوەڕێ دەکەین له چەند هەفتەی داهاتوو ئەنجامی باشتر سەبارەت به کاریگەریی دەرمانه نوێیەکه بەدەست بێنین."

دەرمانه نوێیەکەی سانۆفی باسی دەکات، له راستیدا "هیدرۆکسی کلۆرۆکین"ـه و به ناوی بازرگانیی پلاکونیل ناسراوه و بۆ چارەسەریی مەلاریا بەکاردێت. بەشێک له پسپۆڕان سەبارەت به بەکارهێنانی ئەم دەرمانه دوودڵن، بەتایبەت بەهۆی کاریگەریی لاوەکیی دەرمانەکه.

سانۆفی دەڵێت، دەرمانەکه به رەچاوکردنی هەموو پرۆتۆکۆڵەکان بەرهەمهێنراوه و له کۆتاییدا دەبێت پزیشکەکان سەبارەت به کاریگەری و کاریگەریی لاوەکی رای خۆیان دەرببڕن.

سەرچاوه: euronews

 

K.S