ئەندامێکی پارتی دەسەڵاتداری هیندستان بەهۆی ریکلامکردن بۆ میزی چێڵ دەستگیرکرا
گوتوویەتی میزی چێڵ چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنایه
K24 – هەولێر
پۆلیسی هیندستان چالاکوانێکی سیاسیی بەهۆی باوەڕپێهێنانی خەڵک که گوایه میزی چێڵ چارەسەری کۆرۆنایه، دەستگیرکرد.
هاووڵاتییەکی هیندی دوای خواردنەوەی میزی چێڵ و نەخۆشکەوتنی لەسەر رێنمایی نارایان چاترجی چالاکوان و ئەندامی پارتی دەسەڵاتداری هیندستان، سکاڵای لەسەر تۆمارکرد.
پۆلیسی ویلایەتی بەنگالی رۆژئاوا له هیندستان رایگەیاند: "تۆمەتی چاترجی، بەڕێوەبەردنی رێوڕەسمێک بۆ خواردنەوەی میزی چێڵ و رازی کردنی کەسێک به خواردنەوەیەتی."
رۆژی پێشتریش، پۆلیسی هیندستان خاوەن کێڵگەیەکی بەهۆی فرۆشتنی میزی چێڵ دەستگیرکرد. بەپێی راگەیەندراوی پۆلیس، کەسەکه ناوی شێخ مەسعووده و دەنگۆی ئەوەی بڵاوکردووەته که میزی چێڵیەکانی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنایه و هەر لیترێکی به 500 روپیه(6.5 دۆلار) فرۆشتووه.
له هەفتەکانی رابردوو، دەیان چالاکوان و کەسایەتیی سیاسیی هیندۆسی هیندستان، رێوڕەسمی تایبەت به میزی چێڵیان ئەنجام دا. لە رێوڕەسمەکەدا جگه له هەڵکردنی ئاگر، بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا میزی چێڵیان خواردەوه.
زیاتر له یەک ملیار کەس له هیندستان دەژین، که ئایین زۆربەیان هیندۆسه. هیندۆسەکان چێڵیان پێ پیرۆزه و پێیانوایه میزی چێڵ زۆربەی نەخۆشییەکان چارەسەردەکات.
سەرچاوه: euronews
K.S