لالیگا تاکو کاتێکی نادیار دواخرا

یارییەکانی ئەم وەرزەی لالیگا چارەنووسیان نادیارە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و ئەنجوومەنی لالیگا بڕیاریان دا یارییەکانی لالیگا و سەرجەم و خول و پاڵەوانێتییەکانی ئیسپانیا تاکو کاتێکی نادیار دوابخەن،
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، بەهۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاسایی نەبوونەوەی دۆخەکە بڕیارماندا یارییەکانی لالیگا و سەرجەم خولەکانی دیکە بۆ ماوەیەکی نادیار دوابخەین، بۆ دەستپێکردنەوەی خولەکان چاوەڕێی رێنمایی و بڕیاری حکومەتی ئیسپانیا دەکەین.
رۆژی 12ی ئەم مانگە بڕیاردرا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یارییەکانی لالیگا تاکو سەرەتای مانگی داهاتوو دوابخرێت، بەڵام بەهۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بڕیار درا یارییەکانی خولەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵبپەسێردرێت.
تاکو ئێستا لە ئیسپانیا زیاتر لە 33 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و بەمهۆیەوەش زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و سەرجەم یانەکانیش راهێنانەکانیان وەستاندووە.