یاریزانێکی رەگبی لە ئیتاڵیا خۆبەخشانە دەبێتە شوفێری ئامبۆڵانس
رۆژانە 13 کاتژمێر بەبێ پشوودان کار دەکات
یاریزانێکی رەگبی لە ئیتاڵیا بەهۆی وەستانی یارییەکانی یانەکەی دەستی بە کاری خۆبەخشی کردووە و رۆژانە زیاتر لە 12 کاتژمێر وەکو شوفێری ئامبۆڵانس لە بەرەکانی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەجەنگێت، ئەو یاریزانە ئیتاڵییە دەڵێت ئەگەر ئەوەی من رۆژانە لە نەخۆشخانەکان دەیبینم ئێوە بیبینن تەنانت بۆ کڕینی پێداویستییەکانیشتان ناچنە سوپەر مارکێت بۆیە تکایە لە ماڵەکانتان بمێننەوە.
مانگێک پێش ئێستا ماکسیم مباندای یاریزانی رەگبی ئیتاڵی جگە لە یاریی رەگبی و ژیانی رۆژانەی خۆی بیری لە هیچ شتێکی دیکە نەدەکردەوە، بەڵام پەتای کۆرۆنا بە تەواوەتی ژیانی ئەم یاریزانە ئیتاڵییەی گۆڕیوە، ئێستا مباندا لەجیاتی هێرشبردن بۆ بەدەستهێنانی خاڵ، لە هێلی پێشەوەی بەرگریکردن لە دژی ڤایرۆسی کۆڤید 19 بووەتە خۆبەخش.
چیرۆکی مباندا لەسەر ئاستی وەرزشوانانی جیهان بێ وێنەیە، ئەم یاریزانە 27 ساڵانە زیاتر لە هەفتەیەکە رۆژانە زیاتر لە 12 کاتژمێر شوفێری ئامبۆڵانسە و خۆبەخشانە لە هێلی پێشەوەی بەرگریکردن لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کار دەکات.
ماکسیم مباندا لە پارما لە یانەی زێبرێی ئیتاڵی یاریی دەکات، بەڵام بەهۆی وەستانی یاریی و راهێنانەکانی یانەکەی رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتەوە، مباندا لەبارەی سەرچاوەی ئەم بیرۆکەیەی دەڵێت دوای ئەوەی یارییەکان و راهێنانەکانی یانەکەم راگیران بیرم لەوە کردووە سوود لەم دەرفەتە وەربگرم و هاوکاری کارمەندانی تەندروستی وڵاتەکەم بکەم، هەشت رۆژە بەبێ وەرگرتنی هیچ پشووێک رۆژانە 12 بۆ 13 کاتژمێر شوفێری ئامبۆڵانسم و تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەیەنمە نەخۆشخانە.
مباندا کە یەکێکە لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی رەگبی ئیتاڵیا لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام وێنەی خۆی وەکو شوفێری ئامبٶلانس بڵاوکردووەتەوە و لە نزیکەوە هاوکاریی تووشبووانی کۆرۆنا دەکات و دڵنەواییان دەکات و ناوە ناوە وێنەیەکی خۆی لە بەرەکانی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڵاو دەکاتەوە.
لە ئیتاڵیا تاکو ئێستا زیاتر لە 60 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و بەمهۆیەوەش زیاتر لە ٦ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەی تووشبووەکان لە ناوچەی مباندایە لە باکووری ئیتاڵیا.
ئەو یاریزانەی رەگبی کە ئێستا خۆبەخشانە شوفیری ئامبۆڵانسە داوا لە خەڵکی دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە، دەڵێت ئەگەر ئەوەی من رۆژانە بە چاوی خۆم دەیبینم ئێوە بیبینن تەنانەت بۆ کاری پێویستیش ئامادە نین بظنە مارکێتەکان بۆیە تکایە لە ماڵەکانتان بمێننەوە و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.