ئاماری نوێی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە ئێران ئاشكرا كرا
"لە 24 كاتژمێردا زیاتر لە ھەزار و 800 كەس تووشی كۆرۆنا بوونە"
K24 - ھەولێر
لە 24 كاتژمێری رابردوودا، 122 كەسی دیكە بەھۆی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە. كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە 2 ھەزار نزیكبووەتەوە.
ئەمرۆ سێشەممە كیانووش جەھانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 1762 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، ھاوكات 122 كەسی دیكەش بەو ھۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی دوایین ئامار، تووشبووانی كۆرۆنا لە ئێران بۆ 24 ھەزار و 811 كەس بەرزبووەتەوەو تاكوو ئەمڕۆ 1934 كەسیش بەھۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاشكراشیكرد، تا ئێستا 8 ھەزارو 913 كەس چاكبوونەتەوە.