گواردیۆلا بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتەوە

کۆمەکی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بارسێلۆنا دەکات

پێپ گواردیۆلای بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتیش بە ملیۆنێک یۆرۆ بەشداریی کەمپینی ئەستێرەکان دەکات لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی بارسێلۆنا ئاشکرایکردووە، پێپ گواردیۆلا بە ملیۆنێک یۆرۆ کۆمەکی نەخۆشخانەکانی شاری بارسێلۆنای کردووە بۆ ئەوەی کەرەستە و پێداویستی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابین بکەن.
دەزگای ئانخێل سۆلێر دانێل کە ئەرکی دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکانی بۆ نەخۆشخانەکانی شاری بارسێلۆنا لە ئەستۆدایە ئەم بڕە پارەیەیان بەدەست گەیشتووە کە گواردیۆلا وەکو کۆمەکێک بۆی ناردوون و بۆ کڕینی ئامێری دەستکردی هەناسەدان و جلوبەرگی پزیشکی و پێداویستی پشکنینی گومانلێکراوان سوودی لێ دەبینن.
ئیسپانیا لەسەر ئاستی ئەوروپا دووەم وڵاتە لە رووی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا تاکو ئێستا زیاتر لە 40 هەزار کەس لە ئیسپانیا تووشی ڤایرۆسی کۆڤید 19 بوون و دوو هەزار و 700 کەسیش بەمهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.