زانیاری لەبارەی دوو تووشبووەكەی ئەمڕۆی ھەولێر ئاشكرا دەكرێت
چواردە ماڵ كەرەنتین دەكرێن
K24 - ھەولێر
ئەو دوو كەسەی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای ھەولێر، وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشانكران، خۆیان سەردانی سەنتەری چارەسەریان كردووە و یەكێكیان دانیشتووی دەرەوەی شارە و ئەوەی دیكەشیان خەڵكی شاوێسە، بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر زانیاری لەبارەی تەندروستی ھەردوو تووشبووەكە دەخاتەڕوو.
د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو دوو كەسەی ئەمڕۆ لە ھەولێر تووشی كۆرۆنا بوونە، بەریەك كەوتنیان لەگەڵ تووشبووەكانی پێشتر نەبوو. خۆیان ھەستیان كردووە تەنگە نەفەسن و كۆكەیان ھەبووە، بۆیە سەردانی سەنتەری چارەسەری كۆرۆنایان كردووە، كاتێك پزیشكەكان پشكنینیان بۆ كردون، دەركەتووە كە تووشی كۆرۆنا بوونە".
گوتیشی: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو كەسانە سەردانی ھیچ وڵاتێكیان نەكردووە و زیاتر لەگەڵ خێزانەكانی خۆیان بەریەك كەوتنیان ھەبووە، تیمەكانی پزیشكی چوونەتە ماڵەكانیان بۆ ئەوەی پشكنین بۆ ئەندامانی خێزانەكانیان بكرێت".
بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر ئاشكراشی كرد: "یەكێك لە تووشبووەكان ماڵی لە دەرەوەیی شارەو تەنھا لەگەڵ كەسوكاری بەریەك كەوتنی ھەبووە، ئەو شوێنە چواردە ماڵن و یەك بنەماڵەن، بۆیە شوێنەكە كەرەنتین دەكرێن، ئەوەی دیكەشیان دانیشتووی شاوێسە و كەمتر بەریەك كەوتنی لەگەڵ خەڵك ھەبووە، تەنھا پشكنین بۆ ئەندامانی خێزانەكەی دەكرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد: "باری تەندروستیان باشە و پێویستیان بە ژووری چاودێری چڕ نییە".
دلۆڤان محەمەد، لەبارەی تووشبووەكانی پێشتری ھەولێر گوتی: "تائێستا 7 نەخۆش باری تەندروستیان زۆر جێگیرە و ویستومانە رەوانەی ماڵەوەیان بكەینەوە، بەڵام تائێستا پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ دەردەچێتەوە، بەگوێرەی رێنماییەكانی تەندروستی جیھانی 6 ھەفتە پێویستە بۆ چاكبوونەوەی نەخۆشەكان، بۆیە پێویستی بە كاتی زیاتر ھەیە تا پشكنینەكان ببێتە نێگەتیڤ".