کۆرۆنا شێوازی نوێی کۆنسێرتی موزیک دەباتە ماڵەوە

رۆژانە بابەتی سەرنجڕاکێش گوێبیست دەبین

K24 – هۆڵه‌ندا:

ڤایرۆسی کۆرۆنا ژیانی بەشێوازێک گۆڕی، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت پێشتر هەر کەس پێشنیازی بکردایە دەبووە مەحاڵ و کەس گوێی لێنەدەگرت، گەر بوترێت لە چاوتروکاندنێکدا ریستۆرانتەکان، مارکێتە گەورەکان، یاریگاکان، دوکانەکان، چوڵکردنی شەقامەکان و نەهێشتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامە پان و رێگا خێراکان و ساڵۆنی ئاهەنگ و کۆنسێرتەکان، باخچە و مۆزەخانە و كڵێسه‌ و مزگەوتەکان و هەموو ئەو شوێنانەی مرۆڤ رووی تێدەکرد و هەریەک بەجۆرێک رۆژی بەسەردەبرد.. هتد داخست، لە دەستگرتنی یەکترەوە، دووری کەسەکان لەهەر شوێنێک بن دیاریکرد بۆ زیاتر لە یەک مەتر و نیو.

دوای هەموو ئەمانە ژیان بەشێوەیەکی تر بەردەوامی پێدرا و رۆژانە بابەتی سەرنجڕاکێش گوێبیست دەبین. لەیەکێک لەو بابەتانە، پێشتر واتە پێش هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە تەمەنی هەندە نییە، دەبوو پێشتر تیکت بکڕیت و کاتی بۆ تەرخان بکەیت بۆچوونە کۆنسێرت، وەک پشتگیری لە ماڵەوە مانەوە و هونەرمەندانی موزیسیان، رادیۆی (NPO4)ی هۆڵەندی دەستپێشخەریەکی کردووە، هەموو ئێوارەیەک کاتژمێر 10ی شەو چاوپێکەوتن لەگەڵ موزیسیانەکان دەکات و موزیکەش راستەوخۆ لێدەدەن، تا هەوادارانی موزیکی کلاسیک گوێبیستی موزیکی راستەوخۆ ببن.

سەرەتا پیانۆژەن. ئیگۆر لێڤید لەژووری پرۆڤەی خۆی لە ماڵەوە پارچە موزیکی بوسۆنی یۆهان سێبەستیان باخی ژەنی و گوێگرو تەماشاکارێکی زۆری هەبوو بۆیە کارەکە بەردەوامی پێدرا.

رۆژانە چەندین پارچە موزیک و سۆلیست بەشداری ئەو دەستپێشخەرییە دەبن، لە رێی سۆشیال میدیاوە پەخش دەکرێن،  لە کارێکی ناوازەو سەرنج راکێشدا، کانۆنێی یۆهان پارچێلبێل، کە فۆرمێکە لە موزیکی بارۆکا، لەلایەن چەندین ژەنیارەوە کەلە ماڵەوە بەشداربوون، بووە کۆنسێرتێکی سەرنج راکێش و هەست نەدەکرا لە ساڵۆنێکدا دانەنیشتبن بۆ ژەنین.