ژمارەیەک قوتابی و گەشتیاری کورد له‌ ئەوروپا گیریان خواردووە

بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە

K24 – برۆكسل:

بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆربەی گەشتە ئاسمانییەکان وەستاون و فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا داخراون و ژمارەیەک قوتابی و گەشتیاری کورد لە ئەوروپان و واده‌ی سەر ڤیزەکانیان بەسەرچووە یاخود بەسەر دەچێت و گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ هه‌رێمی کوردستان.

کوردستان24 پەیوەندی کرد بە علی دۆڵەمەری نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و رایگەیاند، ئەوکەسانەی ڤیزەکەیان بەسەرچووە یاخود بەسەردەچێت و ناتوانن لە واده‌ی دیاریکراو بگەڕێنەوە  توشی ھیچ کێشەیه‌ك نابن و دوای تێپەڕبوونی ئەم بارودۆخە دەتوانن ھەر بەو ڤیزەیە بگەڕێنەوە هه‌رێمی کوردستان.

دلاوەر ئاژگەی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەیەکێتی ئەوروپا و بەلجیکا بەکوردستان24ی  راگەیاند، زۆربەی قوتابی و گەشتیارە کوردەکان لەبەریتانیا و  ئەڵمانیا ئەو گرفتەیان ھەیە.

هه‌روه‌ها کاروان جەمال تاھیر نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەبەریتانیا  لە رێگای کوردستان24ه‌وه‌ داوای له‌ سەرجەم قوتابی وگەشتیارە کوردەکان کرد ئەوانەی گیریان خواردووە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە هه‌رێمی کوردستان پەیوەندی بکەن نوێنەرانی حکومەتی ھەرێم لە لەندەن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لیستێک دروست دەکەن و تەسلیمی باڵوێزخانەی عێراق دەکەن و دواتر پەیوەندی دەکرێت بەھەردوو وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و عێراق بۆ ئەوەی رێگە بەفڕۆکەیەکی ھێڵی ئاسمانی عێراقی بدرێت و ئەو خەڵکانە بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان و عێراق.