كۆرۆنا بە بڕی پێنج ملیار دینار زیانی بە كێڵگە پەلەوەرییەكانی ھەرێمی كوردستان گەیاندووە
" 500 هەزار مریشک لەناو هۆڵەکاندا هەیە و بازاڕ نییە"
K24 - ھەولێر
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی كوردستان رایدەگەیەنێت "لەم مانگەدا زیانی زۆر بەخاوەن پرۆژەکان گەشتووە و 500 هەزار مریشک لەناو هۆڵەکاندا هەیە و بازاڕ نییە".
نازم عەبدوڵڵا جاف، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆرنا لەماوەی ئەم مانگەدا لەت ەواوی هەرێمی کوردستان ئەو زیانانەی بەر کەرتی پەلەوەر کەوتووە دەگاتە پێنج ملیار دینار.
ئاماژەی بەوەشدا "هۆکاری زیانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زیاتر لە دوو ملێۆن و 500 هەزار مریشک لەناو هۆڵەکاندا هەیە و بازاڕ نییە بۆ ساخکردنەوەیان، چونکە هەموو دوکانەکانی فرۆشتنی مریشک داخراون و هیچ سەربڕخانەیەکی گەورەشمان نییە، کە رۆژانە فریای سەربڕینی مریشکی زۆر بکەوێت، بۆیە مریشکەکان بێ كڕیار دەمێننەوە".
نازم عەبدوڵڵا، گوتیشی "پێویستە عەلەف و خۆراکی زیاتریان پێبدرێ ئەمەش خەرجییەكی زۆری پێویستە لەکاتێکدا نرخی هەر تەنێک عەلەف 100 دۆلار لەسەریانە و نەبوونی بازاڕیش وایکردووە نرخ هەرزان بێت و زیانەکان زۆرتر بێت".