یەکەم براوەی سەردەمی کۆرۆنا بەدەرکەوت
تاكه كۆمپانیا داهاتهكهی زیادبووه
K24 - هۆڵهندا:
پەتای کۆرۆنا بەردەوامە لە هەرەسپێهێنانی چەندین کۆمپانیای بچووک و گەورە لە هەموو جیهاندا و ئابووری جیهانی پەکخستووە، بووەتە مەترسی و خەمێکی گەورەی جیهانی، لە لایەکی دیكهوه بەردەوامە لە هەڵاوسان و قازانج کردنی کۆمپانیاکانی داواکاری ئۆنلاین.
ڤۆلف مایمەر، رۆژنامەنووسی ئەڵمانی نووسیویەتی، ئامازۆن بەپێچەوانەی کۆمپانیاکانی دیكهوه، لە رۆژانی نەهامەتی ڤایرۆسی کۆرۆنادا زۆر بە باشی کارەکانی دەچنە پێشەوە و چاوەڕواندەکرێت لەماوەیەکی کورتدا 100,000 کارمەندی نوێ وەربگرێت بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان.
دوای بڕیاری دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، لە 12ی ئاداردا، بە رێگەگرتن و قەدەغەکردنی سەفەری ئەوروپییەکان بۆ ئەمریکا، هەموو داواکاری و خواستەکانی پێداویستی لەرێگەی ئامازۆنەوە دەستی پێکرد، لەسەرتادا بەڕێژەی لە ١٥% بەرزبووەوە. دواتر هەڵکشانێکی زۆری بەخۆوە بینی.
کۆمپانیای ئامازۆن تەنها لەم دووهەفتەیەی سەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بڕی 10 ملیار یۆرۆ واتە نزیکەی 12 ملیار دۆلار داهاتی ههبووە، ئەمەش بووەتە جێی دڵخۆشکردنی جێف بیزۆسی خاوەنی کۆمپانیاکە.
