کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا 10 ملیۆن یۆرۆ زەرەر دەکات

یاریزانەکانی یۆڤێنتۆس لە 90 ملیۆن یۆرۆی مووچەکانیان خۆشبوون

یاریزانانی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لەسەر ئاستی یانە گەورەکانی ئەوروپا بووە یەکەم یانە لەگەڵ یاریزانانی بگاتە رێکەوتن و مووچەی یاریزانەکانی کەم بکرێتەوە.
یاریزانانی یۆڤێنتۆس بە سەرکردایەتی جۆرجیۆ کیلینی کاپتنی یانەکە دوای گفتوگۆیەکی زۆر رەزامەندییان دەربڕی مووچەکانی مانگی مارس و ئەپرێل و مایۆ و یۆنیۆیان کەم بکرێتەوە، کە جۆرجیۆ کیلینی و لیۆناردۆ بۆنۆچی و جیانولیجی بۆفۆن رۆڵێکی گەورەیان لەم رێککەوتنە هەبوو، یاریزانانی یۆڤی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رەزامەندییان دەربڕی مووچەی چوار مانگیان کەم بکرێتەوە، کە تاکو ئێستا چارەنووسی یارییەکانی ئەم وەرزە دیار نین.
بەهۆی کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانەکانی، یۆڤێنتۆس 90 ملیۆن یۆرۆی بۆ دەگەڕێتەوە، کە پێشبینی دەکرێت بەهۆی وەستانی یارییەکان بیانکۆنێری زیاتر لە 110 ملیۆن یۆرۆ زیانی بەربکەوێت.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ زەرەرمەندترینی یاریزانی یۆڤییە، چونکە ئەو هێرشبەرە پۆرتوگاڵییە کە مانگانە 31 ملیۆن یۆرۆ مووچە وەردەگرێت، بەهۆی ئەم رێکەوتنەی یاریزانەکان و دەستەی کارگێڕی یانەکە 10 ملیۆن یۆرۆ زیانی بەردەکەوێت، لەکاتێکدا سەرەتا وا پێشبینی دەکرا دۆن تەنیا سێ ملیۆن و 800 هەزار یۆرۆ زیانی بەربکەوێت.
یانەکانی سێریا ئەی بەهۆی وەستانی یارییەکان نزیکەی 700 ملیۆن یۆرۆ زیانیان بەردەکەوێت، بۆیە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا داوا لە یانەکان دەکات بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانیان لەگەڵ یاریزانەکانیان بگەنە رێککەوتن، کە بەهۆی زیاتر تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە ئەستەمە بەمزووانە خولەکانی ئەوروپا دەستپێبکەنەوە.