ئارسێناڵ خەریکی پیڵانگێڕییەکە لە دژی مانچێستەر سیتی
ئارسێناڵ هەوڵ دەدات مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ دووربخرێتەوە
مانچێستەر سیتی دەیەوێت سوود لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرێت، ئەگەر بە شیوەیەکی کاتیش بێت سزایەکەی سەری کە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاوە بڕیاری لێدراوە بۆ ماوەیەک هەڵبپەسێردرێت.
بەرپرسانی مانچێستەر سیتی داوایان لە دادگای نێودەوڵەتی وەرزشی کردووە تاکو ئەنجامی تانەکەیان لە بڕیاری سزادرانەکەیان دەردەچێت ماوەیەک سزایەکەیان هەڵبپەسێردرێت، کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بە تۆمەتی پابەندبوونی بە یاسای دارایی خاوێن یانە ئینگلیزییەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە خول و پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان سڕ کردووە.
هەشت یانەی ئینگلیزی بە نووسراوێکی فەرمی داوایان لە دادگای کاس کردووە داوایەکەی مانچێستەر سیتی قبووڵ نەکات و سزایەکەی هەڵنەپەسێرێت، کە بەرپرسانی مان سیتی پێیانوایە ئارسێناڵ سەرپەرشتی ئەم هەڵمەتە دەکات لە دژیان.
رۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی مانچێستەر سیتی زانیارییان بەدەست گەیشتووە ئارسێناڵ حەوت یانەی دیکەی پرێمەرلیگی کۆکردووەتەوە و سەرۆکایەتی ئەو هەڵمەتە دەکات کە لە دژی یانەکەیان لە دادگای کاس دەگیرێتە بەر.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی بەریتانییەکە یانەکانی ئارسێناڵ و لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتد و چێلسی و تۆتێنهام و لێستەر سیتی و وۆلڤەرهامتن و بێرنلی داوایان لە دادگای کاس کردووە داوایەکەی مانچێستەر سیتی قبووڵ نەکات و سزای سەر یانەکە هەڵنەپەسێرێت و سووکی نەکات، بەڵام تاکو ئێستا هیچ یەکێک لەم یانانە هیچ قسە و کاردانەوەیەکیان لەسەر ئەم هەواڵە نەبووە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاکو ئێستا چارەنووسی ئەم وەرزەی خول و پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا دیار نییە، گومان دەکرێت ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەوروپا زیاتر تەشەنە بکات خولە بەهێزەکان و چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ هەڵبوەشێنرێنەوە، کە لەوانەیە ئەم بڕیارەش خزمەت بە مان سیتی بکات.