بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەک سەرکۆنەی نێیمار دەکرێت
نێیمار روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
نێیمار داسێلڤا پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانە و خۆی کەرەنتین کردووە.
دوای ئەوەی وێنەیەکی نێیمار داسێلڤا لەگەڵ چوار هاوڕێی و منداڵەکەی لە بڕازیل بڵاوکرایەوە، ئەو هێرشبەرە بڕازیلییە رووبەڕووی رەخنەیەکی توندی هەوادارانی بووەوە، بۆیە راوێژکاری راگەیاندنی نێیمار روونکردنەوەیەکی دا و رەتیکردەوە هێرشبەرە بڕازیلییەکە پابەندی رێنماییەکانی خۆکەرەنتینکردن نەبێت، کە هەفتەی رابردوو نێیمار لە فڕەنساوە بەرەو بڕازیل گەڕایەوە.
راوێژکاری راگەیاندنی نێیمار لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، نێیمار رۆژانە پێشوازیی لە کەس ناکات و کەس نابینێت و بە تەواوەتی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانە، بەڵام لەو وێنەیەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و نێیمار لەگەڵ چەند کەسێک خەریکی یاریی بالەیە، ئەو کەسانە هاوڕێی نێیمارن لە فڕەنسا لەگەڵی گەڕاونەتەوە و خۆیان کەرەنتین کردووە و چاوەڕێی تەواوبوونی 14 رۆژەکە دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
راوێژکاری راگەیاندنی نێیمار رایگەیاندووە، تەنیا کوڕەکەی نێیمار لە فڕەنسا لەگەڵ باوکی نەگەڕاوەتەوە، بەڵام ئەویش لەسەر داوای خۆی ویستوویەتی لەگەڵ باوکی بێت.