قایمقامی ھەڵەبجە: رێكارەكان توندتر دەكەین
"ئەو كەسانەی پابەندی رێنماییەكان نابن دەدرێنە دادگا"
K24 - ھەڵەبجە
قایمقامی ناوەندی ھەڵەبجە رایدەگەیەنێت، كۆمەڵێك كەس لە سنوورەكەیان پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نابن، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ دادگای شارەكە قسەیان كردووە كە ھەركەسێك پابەند نەبێت بدرێتە دادگا.
نوخشە ناسیح، قایمقامی ناوەندی ھەڵەبجە بە كوردستان24ی راگەیاند: "بۆ پاراستنی ھاووڵاتییانی ھەڵەبجە رێكارەكان توندتر دەكەین و ھەركەسێك سەرپێچی رێنماییەكان بكات دەدرێتە دادگا، ھیوادارین ھاووڵاتییان ناچارمان نەكەن رووبەڕووی دادگایان بكەینەوە، دەبێ ھاووڵاتییانە لەوە تێبگەن ھەرچی ئێمە دەیكەین لە بەرژەوەندی ئەوانە".
گوتیشی: "لە دوو رۆژی رابروودا ھەستمان بەوەكردووە كە كۆمەڵێك كەس لە ھەڵەبجە پابەندی رێنماییەكان نابن. لەسەر پابەند نەبوون بە رێنماییەكان، دوێنێ لە ھەڵەبجە چوار كەس دەستگیر كراون و دەستیش بەسەر چەند ئۆتۆمبێلێك دا گیراوە".
پێشتر بەڕێوەبەری تەندروستی ھەڵەبجە بە كوردستان24ی راگەیاندبوو "تائێستا دانیشتووی سنوورەكە وەك پێویست پابەندی رێنماییەكان نابن، ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات كارەسات روودەدات".
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی تائێستا 7 كەس لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.