رێکارەکانی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ توندتر دەکرێن
"بەھیچ ھۆکارێک رێگە بە ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەڕەو نادرێت"
K24 - سلێمانی
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، بۆ ماوەی 48 كاتژمێر ھاتووچۆ بە ھەموو شێوەیەك قەدەغە دەكرێت و ماركێت و نانەواخانەكان دادەخرێن، قایمقامییەتی سلێمانی ئاشكرای دەكات "بەھۆی ھەستیاری دۆخەكە رێكارەكانی قەدەغەی ھاتووچۆ توندتر دەكرێن و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكرێت كە پابەند نابن".
لە گەیەندراوێكدا قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند: "بەھۆی ھەستیاری دۆخەکە و زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان، لەبەر رۆشنایی بڕیارە نوێکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رێکارەکانی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ تەواو توندتر دەکرێنەوەو بەھیچ ھۆکارێک رێگە بە ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەڕەو نادرێت و ھێزە ئەمنییەکان راسپێردراون لەم رووە لێپرسینەوەی تەواو لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن کە پابەند نابن".
جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە: "بەھۆی مەترسی بڵاوبووەنەوەو تەشەنەسەندنی کۆرۆنا بۆ ماوەی 48 کاتژمێر، رێگە بەھیچ جۆرە جموجۆڵێک نادرێت".