رێکارەکانی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ توندتر دەکرێن

"بەھیچ ھۆکارێک رێگە بە ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەڕەو نادرێت"

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، بۆ ماوەی 48 كاتژمێر ھاتووچۆ بە ھەموو شێوەیەك قەدەغە دەكرێت و ماركێت و نانەواخانەكان دادەخرێن، قایمقامییەتی سلێمانی ئاشكرای دەكات "بەھۆی ھەستیاری دۆخەكە رێكارەكانی قەدەغەی ھاتووچۆ توندتر دەكرێن و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكرێت كە پابەند نابن".

لە گەیەندراوێكدا قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند: "بەھۆی ھەستیاری دۆخەکە و زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان، لەبەر رۆشنایی بڕیارە نوێکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رێکارەکانی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ تەواو  توندتر دەکرێنەوەو بەھیچ ھۆکارێک رێگە بە ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەڕەو نادرێت و ھێزە ئەمنییەکان راسپێردراون لەم رووە لێپرسینەوەی تەواو لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن کە پابەند نابن".

جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە: "بەھۆی مەترسی بڵاوبووەنەوەو تەشەنەسەندنی کۆرۆنا بۆ ماوەی 48 کاتژمێر، رێگە بەھیچ جۆرە جموجۆڵێک نادرێت".