راگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە

"رێكاری یاسایی دژی ئەو كەسانە بگیرێتەبەر كە ئەو دەنگۆیانە بڵاودەكەنەوە"

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆكەخانەی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا رەتیدەكاتەوە، ھیچ كارمەندێكی ئاسایش لە فڕۆكەخانەكە تووشی كۆرۆنا بووبێت. داواش دەكات رێكاری یاسایی دژی ئەو كەسانە بگیرێتەبەر كە ئەو دەنگۆیانە بڵاودەكەنەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تووشبوونی کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتی ئەربیل بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە چەند پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل سەر لە بەری ئەم هەواڵانە رەتدەکەینەوە و هاووڵاتییانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک تائێستا حاڵەتی تووشبووی ئەم ڤایرۆسە لە ناو کارمەندانی فڕۆکەخانە بوونی نییە".

بەڕێوەبەرایەتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر راشیگەیاند: "بە توندترین شێوە ئیدانەی بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانە دەکەین، داوا لە لایەنی پەیوەندیداریش دەکەین رێکاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتە بەر. بۆ راستی هەر بابەتێک تەنها پشت بە راگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبەستین".