راگەیەندراوێک لە وەزارەتی تەندروستییەوە
پەیامێک ئاراستەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی دەکات
K24 – ههولێر:
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێک پەیامێک ئاراستەی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکات.
لە راگەیەندراوەکە وەزارەتی تەندروستی سوپاسی کارمەندانی دەکات و دەڵێت: "خزمەت و شەونخونی و ماندووبوونی ئێوە هەمیشە جێگای رێز و پێزانین و سوپاسی بێپایانی حکومەتی هەرێم و تەواوی خەڵکی کوردستانە".
دەقی راگەیەندراوەکە:
خزمەت و شەونخونی و ماندووبونی ئێوە هەمیشە جێگای ڕێز و پێزانین و سوپاسی بێپایانی حکومەتی هەرێم و تەواوی خەڵکی کوردستانە. ئەمڕۆ ئێوە لەسەنگەری پێشەوەی ڕووبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنان کە هەڕەشە لەهەموو مڕۆڤایەتی دەکات لەجیهاندا، هەرێمی کوردستان لەئێستادا بەقورسی ڕووبەڕوی ئەو مەترسیە بۆتەوە و لەو پێناوەدا ڕێوشوێنەکانی قەدەغەی هاتووچۆ توندترکراوە بەمەبەستی پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی خۆشەویست.
هەروەک دەرکەوتووە بەهێزترین ڕێککار بۆ بەرەنگاربونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکە ڕاگرتنی جوڵە و قەدەغەکردنی هاتوچۆیە.
بەم بۆنەیەوە وێڕای دەستخۆشیمان، هەموو پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دڵنیا دەکەینەوە کە هەمیشە جێگای ڕێز و سوپاسکردنن و بەوپەڕی ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لەکاتی جوڵە و هاتوچۆیان بۆ خزمەتی نەخۆش و ئەرکەکانیان بۆ چاڵاکیەکانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هاوکات سوپاسی برایان و هاوکارانمان دەکەین لەهێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس و لایەنەکانی تر کە دڵسۆزانە بۆ ڕێکخستن و جێبەجێکردنی ڕێککارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ لەهەرێمی کوردستان ئەرکەکانیان بە هەماهەنگی زیاتر دەبێت بۆ سەرکەوتن لەسەر قەیرانی نەخۆشی کۆڕۆنا.