ئەنجامی پشكنینی 100 كەسی دیكەی سێبیران ئاشكرا كرا

كەرەنتینی سێبیران كۆتایی پێھات

K24 - ھەولێر

ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجامی پشكنینی 100 كەسی دانیشتووی كۆمەڵگەی سێبیران ئاشكرا كرا كە پشكنینی ھەموویان نێگەتیڤ بووە و دوای 15 رۆژ ئەمڕۆ كەرەنتین لەسەر سێبیران ھەڵدەگیرێت".

روونیكردەوە: "دوێنێ وادەی كۆتاییھاتنی كەرەنتینی سێبیران بوو، بەڵام بەھۆی چاوەڕێكردنی پشكنینی ئەو 100 كەسە بڕیارەكە بۆ ئەمڕۆ دواخرا".

تۆڵە مەھدی خۆشناو، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە كوردستان24ی راگەیاند: "بڕیاربوو دوێنێ دوای 14 رۆژ كەرەنتینە لەسەر سێبیران ھەڵگیرێت، بەڵام دوای راوێژ بڕیاردرا چاوەڕێی پشكنینەكان بكرێت، دوای ئەوەی پشكنینەكان ھەموویان بە نێگەتیڤ دەرچوون، ئەمڕۆ كەرەنتینە لە سێبیران ھەڵدەگیرێت".

راشیگەیاند: "ئەمڕۆ ھێزەكانی پێشمەرگە لە كۆمەڵگەی سێبیران دەكشێنەوە، بەڵام قەدەغەی ھاتووچۆ بەردەوام دەبێت و ھێزە ئەمنییەكان لە ئەركەكانیان لەناو كۆمەڵگەكە بەردەوام دەبن".