تووشبووێكی دیكەی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان چاكبووەوە
رەوانەی ماڵەوە دەكرێتەوە
K24 - رانیە
ئەو كەسەی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تووشی كۆرۆنا بوو، چاكبووەوە و رەوانەی ماڵەوە دەكرێتەوە.
دکتۆر هیوا مەحموود، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی راپەڕین لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: "تاکە تووشبووەکەی سەنگەسەر لە سنووری راپەڕین بەتەواوی چاکبووەوە و رەوانەی ماڵەوە دەکرێتەوە".
روونیكردەوە: "دوای تووشبوونی ئەو كەسە لە سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەكانی قەڵادزێ لەژێر چاودێری پزیشكیدا بوو چارەسەری وەرگرتووە، ئێستا باری تەندروستی جێگیرە و دوا پشكنینی نێگەتیڤ دەرچووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رەوانەی ماڵەوە دەكرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد: "لەکۆی 272 پشکنین ئەنجامی 250 پشكنینی سنووری راپەڕین کە لە هاووڵاتیانی گەڕاوەی ئێران و ئەوروپا وەرگیرابوون گەڕایەوە و نێگەتیڤ دەرچوون".
شێرزاد مەحموود ئەحمەد، تەمەن 37 ساڵ لە 21/3/2020 وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا و یەکەم حاڵەت لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تۆمار کرا. دوای 16 رۆژ و جێگیری باری تەندروستی ئەمڕۆ نەخۆشخانە جێدەھێڵێت.