حكومه‌ت به‌م رێكارانه ژیانی خه‌ڵكی له كۆرۆنا پاراست.. رێژه‌ی تووشبوون و مردن زۆر كه‌مه
كاتێك رێكاره‌كانی خۆپارێزی په‌یڕه‌وكرا ته‌نیا 517 تووشبووی كۆرۆنا له چین تۆماركرابوون
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ره‌ڕای دۆخی سه‌ختی ئابووری، كه هه‌رێمی كوردستانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به گرتنه‌به‌ری ژماره‌یه‌ك رێكاری خۆپارێزی و پێشوه‌خته، وایكرد رێژه‌ی تووشبوون و مردن به كۆرۆنا زۆر كه‌م بێت و ژیانی خه‌ڵكی بپارێزێت.
ئێستا هه‌رێمی كوردستان، به به‌راورد به وڵاتانی دراوسێ و ته‌نانه‌ت وڵاتانی پێشكه‌وتووی جیهان، ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنای زۆر كه‌متره، هاوكات ژماره‌ی مردنیش به په‌تاكه، تا ئێستا 3 كه‌سه، به گوێره‌ی لێدوانێكی وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تیش، ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ست داوه، هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌خۆشییه‌كانی دیكه‌یه، به‌ڵام هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆناش بوونه.
دكتۆر سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا رۆژی 4/4/2020 رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێم هه‌رزوو رێكاره‌كانی خۆپارێزی په‌یڕه‌وكرد، وه‌كو پشكنینی فڕۆكه‌خانه و ده‌روازه سنوورییه‌كان، داخستن و سنوورداركردنی گه‌شته‌كان له خاڵه سنوورییه‌كان، ئه‌وه له‌كاتێكدا بوو كه ته‌نها 517 تووشبوون به كۆرۆنا له چین كه سه‌رچاوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌یه تۆماركرابوو.
جیاواز له‌م رێكارانهش، ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان بوو له باره‌ی په‌تاكه و چۆنیه‌تی خۆپارێزی له ڤایرۆسه‌كه.
به گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی داتای تایبه‌ت به كۆرۆنا بڵاوده‌كه‌نه‌وه، هه‌رێمی كوردستان پارێزراوترین ناوچه‌یه له كۆرۆنا، چونكه به گوێره‌ی سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، تا ئێستا په‌تاكه نه‌گه‌یشتووه‌ته ناو كۆمه‌ڵگه و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌وانه دیاره كه تووشی ڤایرۆسه‌كه بوونه، 80% تووشبووانیش ئه‌وانه‌ن كه به‌ركه‌وته‌ی كه‌سانێكن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات گه‌ڕاونه‌ته‌وه و تووشبووی ڤایرۆسه‌كه‌ن.
به گوێره‌ی داتاكانیش، هه‌رێمی كوردستان، له رووی ژماره‌ی تووشبوون و مردن و چاكبوونه‌وه‌ش، ئاستێكی پێوانه‌یی تۆماركردووه، به جۆرێك رێژه‌ی مردن هێشتا 1%ی تووشبووانی تێپه‌ڕنه‌كردووه.
هه‌رچی ئه‌مه‌ریكایه كه له ژماره‌ی تووشبوون ریزبه‌ندی یه‌كه‌می وڵاتانی گرتووه، 311 هه‌زار و 637 كه‌س تووشبووه و زیاتر له 8 هه‌زار كه‌سیش مردوون.
له ئیتاڵیاش، رێژه‌ی مردن گه‌یشتووه‌ته 12.3%ی تووشبووان، كه ئێستا 124 هه‌زارو 632 كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه بوونه و 15 هه‌زارو 362 كه‌س مردوون.
له هه‌ردوو وڵاتی دراوسێی هه‌رێمی كوردستان، رێژه‌ی تووشبوون و مردن به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیكردووه، له ئێران تا ئێستا 58 هه‌زا 226 كه‌س تووشی ڤایرۆسه‌كه بوونه، له‌و ژماره‌یه‌ش 3 هه‌زار و 603 كه‌س به گوێره‌ی داتای حكومه‌ت به كۆرۆنا مردوون، كه رێژه‌كه‌ی 6.1% تووشبووانه.
هه‌رچی توركیایه كه درهنگترن ئاماری تووشبووانی كۆرۆنای راگه‌یاند، به‌ڵام ئێستا 23هه‌زار و 934 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوونه و 503 كه‌سی مردوون، واتا به رێژه‌ی 2.2%ی تووشبووان.
رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانیش، له‌رووی گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كانی خۆپارێزی له دژی كۆرۆنا، هه‌رێمی كوردستانی به باشترین شوێن وه‌سف كردووه.
