بارەگای بارزانی: جینۆسایدكردنی كوردە فەیلییەكان درێژكراوەی ئەو تاوانانە بوو كە دژی گەلی كوردستان ئەنجامدران

"ئەو تاوانە گەورەیەیش كە دەرهەق كوردی فەیلی كرا تەنیا لەبەر كوردبوونیان بوو"

K24 - ھەولێر

بەبۆنەی یادی 40 ساڵەی جینوسایدكردنی كوردە فەیلییەكان، بارەگای بارزانی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، جینۆسایدكردنی كوردە فەیلییەكان درێژكراوەی ئەو تاوانانە بوو كە دژی گەلی كوردستان ئەنجامدراون.

لە راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانی ھاتووە: "چل ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفال و جینوسایدكردنی كوردە فەیلییەكان لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت، كە تێیدا 12 هەزار كوردی فەیلی ئەنفال و شوێنبزر و شەهید كران. جینۆسایدكردنی كوردە فەیلییەكان درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوانانە بوو كە لە سەدەی بیستەمدا لە لایەن رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون. كوردی فەیلی، لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلی كوردستان رۆڵی كاریگەرییان هەبووە و ئەو تاوانە گەورەیەیش كە دەرهەق كوردی فەیلی كرا تەنیا لەبەر كوردبوونیان بوو. ئەو تاوانە زوڵم و ناهەقییەكی گەورە بوو دژی گەلەكەمان و برینێكە كە هەرگیز لە یاد ناچێت.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە بارەگای بارزانی دەڵێ: "سەرەڕای ئەوەی ئەو تاوانەی رژێمی پێشوو دژی كوردی فەیلی لە لایەن دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق بە جینۆساید ناسێندراوە، بەڵام هەتا ئێستایش ئاسەواری ئەو تاوانە دڕندانەیە ماوە و پێویستیش دەكات دەوڵەتی عێراق قەرەبووی هەموو زیانلێكەوتووانی جینۆسایدی كوردی فەیلی و هەموو ئەو تاوان و جینۆسایدانە بكات كە لە دژی گەلەكەمان ئەنجام دراون".