بەیاننامەیەك لە سەندیكای پزیشكانی كوردستانەوە

داوا دەكات سنوورێك بۆ بێڕێزی بەرامبەر بە پزیشكان دابنرێت

K24- هەولێر:

لە بەیاننامەیەكدا سەندیكای پزیشكانی كوردستان داوا لە وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم و لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دەكات، سنوورێك بۆ ئەو بێڕێزیانە دابنێن، كە بەرامبەر بە پزیشكان دەكرێت و داواش لە كارمەندانی تەندروستی دەكات، هیچ ھەڵسوكەتێكی ناڕەوا كە بەرامبەریان دەكرێت، كار نەكاتە سەر جێبەجێكردنی كارەكانیان و لە خزمەتی گەل و وڵات ساردیان نەكاتەوە.

دەقی بەیاننامەی سەندیكای پزیشكانی كوردستان:  

بەیاننامە ‎بۆ بەڕێز وەزیری ناوخۆ

بۆ بەڕێزان لە لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا

‎لەگەڵ سەرھەڵدانی پەتای كۆڤید 19 پزیشكانی كوردستان ھاوشانی كارمەندانی تەندروستی و ھێزە ئەمنییەكان پێشمەرگە ئاسا وەكو جەنگاوەری ھێڵی یەكەمی ئەم جەنگە شەو و رۆژ لە خزمەتی ھاووڵاتیانی ھەرێمەكەماندا، بە بەردەوامی و بێ وچان گیانی خۆیان و خێزانەكانیان خستووەتە مەترسییەوە، تاوەكو چارەسەری تووشبووان و ھاوكاری ھاووڵاتیان بكەن و رێگری لە زیاتر بڵاووبوونەوەی ئەم پەتایە بکەن.

‎بەڵام بەداخەوە كە ھەندێك جار لێرە ولەوێ گوێبیستی بێڕێزی و رێگەگرتن دەبین لە پزیشكان لەكاتی چوونە سەركار و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەكانیان، تازەترینیان ئەو بێڕێزی و ئازاردانەیە كە بەرامبەر ھاوپیشەیەكمان ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی كراوە.

‎ھەر لەسەرەتای حاڵەتەكەوە وەكو سەندیكا ھاتوینەتە سەرخەت لەگەڵ بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی و بەڕێز بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی سلێمانی و بە سوپاسەوە ئەوانی بە دەنگمانەوە ھاتوون و ھەوڵی جددیان داوە بۆ چارەسەركردن و دیاریكردنی ئەو كەسەی كە بێ ڕێزییەكەی ئەنجام داوە و بەڵێنیان پێداین كە سزای سەرپێچیكارەكە دەدەن.

‎ئێمە دەزانین كە زۆربەی برایانمان لە ھێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگە، بەوپەڕی رێزەوە لەگەڵ ھاووڵاتیان بە گشتی و پزیشكان بە تایبەتی مامەڵەیان كردووە، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەكی زۆر كەم دەیانەوێت بە مەبەست ئازاری ھاوپیشەكانمان بدەن، كە نازانین ھۆكار چییە.

‎لێرەوە وەكو سەندیكا داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین، كەرامه ت و سەلامەتی گیانی پزیشكانی کوردستان بپارێزن و سنوورێك بۆ ئەم جۆرە ھەڵسوكەوتانە دابنێن، چونكە پزیشكان لە ھێڵی یەكەمی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایەن.

داوا لە بەڕێزتان دەکەین بە بڕیار و ڕێنمایەکانتاندا بچنەوە سەبارەت بە پزیشکان، پزیشکان ئازادانە و تەنها بە ناسنامەی سەندیکای پزیشکان و وەزارەتی تەندروستی ڕێگەپێدراوبن بۆ هاتوچۆ .

‎بەھەمان شێوە داوای خۆڕاگری وپابەندبوون لە سەرجەم ھاوپیشەكانمان دەكەین، كە نابێت ھیچ جۆرە ھەڵسوكەتێكی ناڕەوا كار بكاتە سەر جێبەجێكردنی كارەكانمان و ساردمان بکاتەوە لە خزمەتی گەل و وڵاتەكەمان.

‎دووبارە و سێبارە داوا لە ھاوڵاتییان دەکەین، پابەندی رێنماییەكان بن و لەماڵەكانیان بمێننەوە

سەندیکای پزیشکانی کوردستان       

٦/٤/۲٠۲٠

H.B