پارێزگاری سلێمانی رێنماییەكان بۆ رۆژانی داهاتوو دەخاتەڕوو
"پێویستە هەموو لایەك پابەندی رێنماییەكان بن"
K24- سلێمانی:
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی دووپاتیكردەوە، لە چوارچێوەی رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، هێزە ئەمنییەكان، كارمەندانی تەندروستی، یەكە ئیدارییەكان و میدیاكان بە یەك تیم توانیوانە لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاكە ئەنجامی باش لە سلێمانی بەدەستبهێنن.
لە كاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەی كۆڤید - 19ی كوردستان 24، هەڤاڵ ئەبوبەكر سوپاسی خەڵكی سلێمانیی كرد و رایگەیاند، لە 90%ی ئەو ئەنجامە ئەرێنیانەی لە سنووری پارێزگاكەیان بەدەستهاتووە، بۆ پابەندبوونی هاووڵاتیان بە رێنماییەكانی حكومەت دەگەڕێتەوە.
هەروەها گوتی: ئەو 48 كاتژمێرەی رابردوو دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەی بتوانین پلانی نوێ بۆ دۆخەكە دابڕێژین و بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەرز بكەینەوە و جەختیشی كردەوە، "پلانەكەمان بۆ داهاتوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەهەند وەرگیراوە".
ئاماژەی بەوەشدا، لە میانەی رێكارەكاندا 42 تیمیان ئامادە كردووە، كە هەر یەكێك لەو تیمانە لە چەند كارمەندێكی هێزەكانی پۆلیس، ئاسایش، پێشمەرگە و پۆلیسی هاتووچۆ پێكهاتوون، بەڵام وەك گوتی: "تەنیا پۆلیسی هاتووچۆ بۆی هەیە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو شۆفێرانە بكات، كە سەرپێچی هاتووچۆ دەكەن".
گوتیشی، لەگەڵ هەر یەكێك لەو تیمانە رێبەرێكی تەندروستیمان داناوە، بۆ ئەوەی بتوانێت رێنمایی تەندروستی پێشكەش بە شۆفێران و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەكان بكەن.
وەك راشیگەیاند، پێداچوونەوە بۆ خاڵە سنوورییەكان، جووڵەی بازرگانی و پێداویستی هاووڵاتیان و تەواوی كێشە و گرفت و خزمەتگوزارییەكان كراوە.
هەروەها گوتی: دەسەڵاتی تەواومان بە بەڕێوەبەری قەزا و ناحیە و یەكە ئیدارییەكان داوە، بۆ ئەوەی پلانی تایبەتی خۆیان بۆ چاودێریكردنی دۆخەكە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان هەبێت و سەرجەم هەنگاوەكان لەسەر بنەمای بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەكرین.
گوتیشی: هەموو ئەو شوێنانەمان داخستووە، كە ئەگەری بەریەككەوتن لێیان هەیە و هەموو هەوڵێكمان بۆ لێكدوورخستنەوەی هاووڵاتیان خستووەتە گەڕ و لە بەرامبەریشدا، پێویستە هاووڵاتیان پابەندی رێنماییەكان بن.
ئاماژەی بەوەشدا، كارتی تایبەت بۆ ئەو كەس و لایەنانە دروست كراون، كە رێگەپێدانیان هەیە.
H.B