لە 11 گەڕەكی ھەولێر پشكنین بۆ ھاووڵاتییان دەكرێت
تائێستا لە گەڕەكی كارێزان پشكنین بۆ زیاتر لە 300 كەس كراوە
K24 - ھەولێر
رێناس عەلی، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ تیمەكانی تەندروستی ھەولێر لە 11 گەڕەك پشكنین بۆ ھاووڵاتییان دەكەن، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە بەركەوتەی ئەو كەسانەی چوونەتە دوو پرسەكەی گەڕەكی كارێزان".
د. سەرھەنگ جەلال، بەڕێوەبەری خۆپارێزی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا زیاتر لە 300 نموونەی پشكنین لە دانیشتووانی گەڕەكی كارێزان وەرگیراوە".
راشیگەیاند: "ئەمڕۆ پلان دانراو كە پشكنین بۆ سەرجەم بەركەوتەی بەركەوتەكان بكرێت، بۆ ئەوەی دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵ دەرنەچێت".
ئاماژەی بەوەشكرد: "بەگوێرەی ژمارەی تووشبووان بڕیار لە كەرەنتین كردنی گەڕەكەكان دەدرێت".
د. سەرھەنگ جەلال، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو ژمارە زۆرەی كە وەك تووشبوو راگەیەندرا، ئەوانە بوون كە ئێمە بە دوایان دەگەڕاین، خەڵكیش ھاوكارمان بوو لە دۆزینەوەی ئەو كەسانە".
بەھۆی دانانی دوو پرسە لە گەڕەكی كارێزان 82 كەس لە سنووری پارێزگای ھەولێر تووشی كۆرۆنا بوون، بەمەش كۆی گشتی تووشبووان لە ھەولێر گەیشتە 138 كەس، لەو ژمارەیەشدا تائێستا 20 كەس چاكبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە.