تەندروستی ھەولێر زانیاری لەبارەی تووشبووانی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

تائێستا 138 كەس لە ھەولێر تووشی كۆرۆنا بوو

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر رایدەگەیەنێت، ھۆكاری ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە ھەولێر دانانی دوو پرسە بووە، ئێستا ژمارەی تووشبووان لە ھەولێر گەیشتووەتە 138 كەس و لەنێویاندا 20 كەس چاكبوونەتەوە.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەو چەند رۆژەی رابردوو ژمارەی تووشبووان لە ھەولێر زیادیكرد، ئەوەش بەھۆی دانانی دوو پرسە لە گەڕەكێكی ھەولێر كە چەند كەسێك تووشی كۆرۆنا بوون، كۆی گشتی تووشبووان لە ھەولێر بوو بە 138 كەس لەنێویاندا 20 كەس بە تەواوی چاكبوونەتەوە و رەوانەی ماڵەوە كرانەوە و ئێستا 118 نەخۆش لەناو نەخۆشخانەكانی ھەولێر ماون".

ئاماژەی بەوەشكرد: "تائێستا چوار نەخۆشخانە لە ھەولێر بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا دابینكراون".

بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر راشیگەیاند: "ئێستا ڤایرۆسەكە چووەتە ناو كۆمەڵگە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان خۆیان بپارێزن و لە ماڵەوە بمێننەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "تائێستا ھیچ لە نەخۆشەكانی ھەولێر پێویستیان بە ئامێری ھەناسەی دەستكرد و چاودێری چڕ نەبووە و باری تەندروستی ھەموویان جێگیرە".